میت: 157 هێرشمان کردووەتە سەر رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان

لۆگۆی دەزگای هەواڵگریی تورکیا 'میت'
لۆگۆی دەزگای هەواڵگریی تورکیا 'میت'

دەزگای هەواڵگریی میت رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا 157 هێرشیان کردووەتە سەر رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی هەواڵێكی میدیای فەرمیی تورکیا، لە پاش هێرشەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی تورکیا لە ئەنقەرە، دەستیان بە ئۆپراسیۆنێکی فراوان بۆ سەر رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان کردووە.

وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، لە ماوەی رۆژانی 23 تاوەکو 26ـی مانگ، هێرشیان کردووەتەسەر 157 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل.

ئاماژە بەوەشکراوە. لە هێرشەکاندا بارەگا، کامپی راهێنانی سەربازیی، گەنجینەی چەک و لۆجستی و سیستمی بەرگریی سەربازیی کراونەتە ئامانج.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای تورکیا و میت هێرشیانکردووەتە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، وێستگەکانی ئاو، کارەبا و وزە و ژێرخانی مەدەنیی و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل گیانیانلەدەستداوە.

بەگوتەى مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتیی هێزەکانى سووریاى دیموکرات، بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە، 17 کەس گیانیانلەدەستداوە و 48ـى دیکەش بریندارن.