هەسەدە کوژرانی حەوت سەربازی تورکیای راگەیاند

هێزەكانی سووریای دیموكرات - هەسەدە
هێزەكانی سووریای دیموكرات - هەسەدە

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، کوژرانی حەوت سەربازی تورکیایان بەهۆی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی تورکیاوە، بە چەکی قورس، لە گوندەکانى مەنبج، لە باکووری سووریا راگەیاند.

ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبج، کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە خۆیان، دیمەنی هێرشەکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی بەرەی کوردی سەر بە سوپاکەیانەوە، لە کاردانەوەى هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدراوە.

ئەنجوومەنەکە راشیگەیاندووە، تۆپبارانی چوار بنکەی تورکیایان لە بەڵداق، شێخ ناسر، قەرەتە و شەقیف لە ناوچەکانی سنووری باکووری مەنبج کردووە، ئەو ناوچانەش بە مۆڵگەی هێزەکانی تورکیا دادەنرێن.

بە گوتەی ئەنجوومەنەکەی سەر بە هەسەدە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە حەوت سەربازی تورکیا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.