ئێران: توانای بەرگرییمان لە وڵات سنووری نییە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، توانای بەرگریکردنیان لە وڵاتەکەیان سنووری نییە، حیزبوڵای لوبنانیش هێرشەکانی ئیسرائیلی سەرکۆنە کرد و بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" ناویبرد.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی رێبەری ئێران، عەباس عێراقچی گوتی "سەلماندوومانە کە هیچ سنوورێک بۆ ئیرادەی ئێمە نییە، لە بەرگریکردن لە خۆماندا".
لە لایەکی دیکەوە، حیزبوڵای لوبنان لە راگەیەندراوێکدا، هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران شەرمەزار کرد و جەختیان لەوەکردەوە کە ئەمریکا بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەو هێرشانە دەگرێتە ئەستۆ.
حیزبوڵا هێرشەکەی ئیسرائیل بە پێشهاتێکی مەترسیدار، لەسەر ئاستی ناوچەکەدا ناودەبات و دەڵێت: بەرپرسیاری تەواوی ئەو کۆمەڵکوژی، کارەسات و ئازارانە لە ئەستۆی ئەمریکایە، کە بەهۆی ئیسرائیلەوە دەکەونەوە.
پێستریش وەزارەتی دەرەوەی لوبنان سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەت ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، بەرپرسیارێتیی خۆیان لە کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی سەربازیی ئیسرائیل لە سەرتاسەری ناوچەکەدا لە ئەستۆ بگرن، لەناویاندا شەڕ و توندوتیژییە درێژخایەنەکان لە لوبنان.
27/10/2024