ئەمشەو کلاسیکۆی فەرەنسا ئەنجامدەدرێت

ئەمشەو یارییەکی دیکەی لوتکە لە خولی فەرەنسا ئەنجامدەدرێت، یانەی مارسیلیا لە یاریگەی ڤیڵودروم میوانداریی پاریس سانجێرمان دەکات، کە پێشەنگی خولەکەیە.
مارسیلیا وەرزی رابردوو پلەی هەشتەمی بەدەستهێنا و لەبەشداریکردن لە خولە ئەوروپییەکان بێبەشبوو، لەم وەرزەدا بەسەرپەرشتیی رۆبێرتۆ دی زێربی راهێنەری ئیتاڵی، بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و دەیەوێت جێگەی خۆی لە پێشەنگەکانی خولەکەدا بکاتەوە، تەنیا یەک شکستیان هەبووە و بە 17 خاڵەوە سێیەمی ریزبەندیی لیگ وەنن.
دی زێربی لە پرێمەرلیگ توانی یانەی برایتۆن بگەیەنێت بە خولە ئەوروپییەکان و لە فەرەنساش هەمان ئامانجی هەیە، بەڵام ئەمجارە ئەرکی ئاسان نییە و رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.
پاریس سان جێرمان هەمیشە لە خولی فەرەنسا وەک بەهێزترین یانە دەرکەوتووە، لەم وەرزەشدا لویس ئێنریکی شەڕی بەدەستهێنانی چوارەم ناسناوی لەسەریەک دەکات، بە 20 خاڵەوە پێشەنگی هەمووانە و سەرکەوتن لە یارییەکەی ئەمشەودا زۆر گرنگە بۆیان، چونکە هاوبەشی لەگەڵ مۆناکۆ کۆتایی پێدەهێنن، کە ئەو یانەیش بەهەمانشیوە 20 خاڵی هەیە.
لویس ئێنریکی راهێنەری پاریس، لەم یارییەدا لەتواناکانی گۆنسالۆ رامۆسی پۆرتوگالی بێبەش دەبێت، هەر بەهۆی پێکانەوە، هەریەکە لە لوکاس هێرناندێز و پریسنێل کێمپێمبی ناتوانن بەشداریی یارییەکە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکەکەیان مەحاڵ نییە، چونکە لەکۆی هەشت یاریی لیگ وەن هیچ شکستێکیان نەبووە و مارسیلیا یەکەم گەورە تاقیکردنەوەی وەرزەکەیە کە ئەنجامیدەدەن.
27/10/2024