وەزارەتى دارایی: سبەى مامۆستایانى گرێبەست مووچە وەردەگرن

وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، سبەى دووشەممە، مووچەى مانگى ئەیلوولى مامۆستایانى گرێبەست دابەشدەکرێت.
مامۆستایانى گرێبەست چاوەڕوانبوون هەفتەى رابردوو لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە مووچە وەربگرن، بەڵام بەهۆى چەند رێکارێکى دارایی دواکەوت و بە گوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان، سبەى مووچەکەیان وەردەگرن.
ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە رۆژى 25ـى ئاب، بڕیاریدا 37 هەزار و 933 مامۆستاى وانەبێژ بکات بە گرێبەست، کە کۆى تەمویلى موچەکەشیان 18 ملیار دینارە.
بەگوێرەى رێنمایی ژمارە 10ـى ساڵى 2019ـى وەزارەتى دارایی و ئابووریى مووچەى مامۆستایانى گرێبەستى بەمشێوەیە دیاریکردووە:
خاوەن بڕوانامەى دبلۆم، 400 هەزار دینار، خاوەن بڕوانامەى بەکالۆریۆس و دبلۆمى یەک ساڵى، 500 هەزار دینار، خاوەن بڕوانامەى دبلۆمى باڵا یەک ساڵ و بەکالۆریۆس 5 ساڵ 600 هەزار دینار، خاوەن بڕوانامەى دبلۆمى باڵا 2 ساڵ و بەکالۆریۆسی شەش ساڵ 850 هەزار دینار تاوەکو یەک ملیۆن دینار و خاوەن بڕوانامەى دکتۆرا یەک ملیۆن تاوەکو یەک ملیۆن و 250 هەزار دینار.
27/10/2024