شاندى تەکنیکیی وەزارەتى دارایى سەردانی بەغداد دەکات

شاندێکى تەکنیکى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان، ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە سەردانى بەغداد دەکات و لیستى مووچەى مانگى 10 بە کاغەز و ئەلیکترۆنى لەگەڵ خۆى دەبات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى، ئەمڕۆ دووشەممە بە کەناڵ8ـى راگەیاند، دوانیوەڕۆى ئەمرۆ دووشەممە شاندى تەکنیکى وەزارەتەکەیان کە لە چەند راوێژکار و بەڕێوەبەرێک پێکهاتوون سەردانى بەغداد دەکەن و لیستى مووچەى مانگى 10ـى مووچەخۆران بە کاغەز و ئەلیکترۆنى رادەستى وەزارەتى دارایى عێراق دەکەن.
سەرچاوەکە گوتیشى" شاندەکە راپۆرتێکیان ئامادەکردووە کە پەیوەندى بە چارەسەرى کێشەکانى بایۆمەترى ئەو کەسانەوە هەیە کە پێشتر گرفتیان هەبووە، بەتایبەت مووچەى مامۆستایانى ناوچە دابڕێنراوەکان، مووچەى پەرلەمان و وەزارەتى کارەبا و بەشێک لەوارسى شەهیدان و خانەنشینان".
بەگوتەى سەرچاوەکە، زۆرینەى کێشەکانى لیستى مووچە چارەسەرکراون، گوتیشى "چاوەڕوانى ئەوەین لە سەرەتاى مانگى داهاتوو، بڕیارى تەمویلى مووچەى مانگى 10 لەلایەن حکومەتى فیدراڵەوە بدرێت".
خەرجى مووچەى یەک ملیۆن و 132 هەزار مووچەخۆرى هەرێمى کوردستان، کە مانگانە نزیکەى 998 ملیار دینارە، لەلایەن حکومەتى فیدراڵەوە دابیندەکرێت.
28/10/2024