کۆلاجین چییە و سوودی چییە؟

گران جاف 29/10/2024

کۆلاجین جۆرێکی بڕۆتینە و لە چەند جۆرێکی خۆراک وەکو پێست و بەستەری ئاژەڵدا هەیە، هەروەها ئەو کەسانەی کە لە سەرچاوە خۆراکییەکانەوە ئەم پڕۆتینە بەگوێرەی پێویست وەرناگرن، ئەوا دەکرێت لەڕێگەی تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە دەستیانبکەوێت.

کەواتە گرنگیی کۆلاجین چییە؟

کۆلاجین بریتییە لە پەیکەرەپڕۆتینی خانەکان، واتە پێکهاوتە و پەیکەری خانەکان و شانەکان لە کۆلاجین پێکهاتوون، ئەم پڕۆتینە جۆری زۆرە و جۆری یەک باوترینیانە بە جۆرێک %90ـی کۆلاجینەکانی جەستەی مرۆڤ لە جۆری یەکن.

کۆلاجین لە بەستەرەشانەکان، پێست، ژێ، کڕکڕاگە و ئێسکدا هەیە. ئەم پڕۆتینە گرنگە لە پاڵپشتیکردنی شانەکان و رۆڵێکی گەورەی هەیە لە ساڕێژبوونەوەی شانەکان، وەڵامە بەرگرییەکان، پەیوەندیی نێوان خانەکان و پاراستنی شانەکان.

بەستەرەخانەکان هەڵدەستن بە دروستکردن و پاراستنی کۆلاجین، لەگەڵ بەتەمەنچووندا بەرهەمهێنانی کۆلاجین کەمدەبێتەوە. کەمبوونەوەی کۆلاجین و پڕۆتینێکی دیکە کە پێی دەگوترێت ئیلاستین، هۆکارن بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی پیری وەکو شۆڕبوونەوە و چرچبوونی پێست.

هۆکارەکانی لەدەستدانی کۆلاجین چین؟

  • هەڵکشانی تەمەن
  • جگەرەکێشان
  • خواردنەوەی زۆری کحول
  • سیستمی خۆراکیی ناتەندروست

چ خۆراکێک دەوڵەمەندە بە کۆلاجین؟

  • ئێسک، پێست و بەستەری ئاژەڵ وەکو مریشک
  • خواردنە دەریاییەکان وەکو ماسی

بۆئەوەی بەرهەمهێنانی کۆلاجین لە ترشەئەمینییەکانی جەستەوە باشتربێت، گرنگە بڕێکی باش لەو خۆراکانە بخورێن کە دەوڵەمەندن بە پڕۆتین وەکو پاقلەمەنییەکان، هێلکە و ماسی.

هەروەها ئەو خۆراکانەشی کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی، یارمەتیی بەرهەمهێنانی کۆلاجین دەدەن.

سوودەکانی کۆلاجین چین بۆ پێست؟

لە پێداچوونەوەیەکدا بۆ 19 توێژینەوە کە لەسەر هەزار و 125 کەس کراون دەرکەوتووە کە کۆلاجین یارمەتیی گەنجهێشتنەوە و شێدارکردنی پێست دەدات و رێگری لە چرچبوونی پێست دەکات هەروەها جیڕیی پێستیش باشتردەکات.

ئایا کۆلاجین بۆ ئێسکیش بەسوودە؟

لەگەڵ سوودەکانی بۆ پێست، دەرکەوتووە کە لەو خانمانەی تووشی لێچوونەوە بوون، کۆلاجین سوودی بۆ چڕی ئێسکیش هەیە. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە پێنج گرام لە کۆلاجین بۆ ماوەی چوار ساڵ رۆڵی گرنگی هەبووە لە زیادکردنی چڕیی ئێسکەکانی بڕبڕەی پشت و ئێسکی راندا.

هەروەها دەرکەوتووە کە تەواوکەرەخۆراکییەکانی کۆلاجین دەتوانێت نیشانەکانی هەوکردنی جومگەکان کەمبکاتەوە، بەڵام ئەم سوودانە زیاتر لەو خانمانەدا دەرکەوتوون کە تەمەنیان زۆرە و ئەم کاریگەرییانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێن.

گران جاف

29/10/2024