گوگڵ مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکرد بەرهەمدەهێنێت

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری زە ئینفۆرمەیشن، گوگڵ کار لەسەر تەکنەلۆجیایەکی نوێی ژیریی دەستکرد دەکات، کە دەتوانێت کۆنترۆڵی وێبگەڕەکان بکات بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەران لە لێکۆڵینەوە و بازاڕکردندا.
ئەم پرۆژە نوێیەی گوگڵ بە پرۆژەی (جارڤس) ناسراوە، بڕیارە لە مانگی کانوونی دووەمدا لەگەڵ مۆدێلێکی نوێی جێمنای نمایش بکرێت. گوگڵ ئامانجی لە دروستکردنی ئەم ژیرییە دەستکردە ئەوەیە، کە بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ئینتەرنێتدا بگەڕێت و ئەرکەکان لەبری بەکارهێنەر ئەنجامبدات.
ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمپانیای OpenAI، بە هەمانشێوە کار لەسەر دروستکردنی مۆدێلێک دەکات، کە بتوانێت توێژینەوە ئەنجامبدات و بە شێوەیەکی سەربەخۆ گەڕان بکات. هەروەها کۆمپانیاکە هاوشانی کۆمپانیای ئەنترۆپیک، مۆدێلی ژیریی دەستکردەکەی پەرەپێداوە، کە دەتوانێت راستەوخۆ کارلێک لەگەڵ کۆمپیوتەر و وێبگەڕی بەکارهێنەردا بکات.
ئەم تەکنەلۆجیایە، ئامانجیەتی ئەرکە ئۆنلاینەکان ئاسانتر بکات، بە رێگەدان بە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد و لەبری بەکارهێنەر گەران بکەن و ئەرکە سادەکان ئەنجامبدەن، پسپۆران پێیانوایە دروستکردنی ئەم مۆدێلانەی ژیریی دەستکرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە داهاتوودا شێوای گەڕان لەناو ئینتەرنێتدا دەگۆڕن.
28/10/2024