رۆژنامەیەکی ئەمریکی وردەکاریی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەخاتەڕوو

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، وردەکاریی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، دەڵێت ئیسرائیل توانیویەتی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران و عێراق و سووریاش لەکار بخات.
رۆژنامەکە لەزاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، گەڕی یەکەمی هێرشەکە بە فڕۆکەی ئێف-35 ئەنجامدراوە، چونکە ئەم فڕۆکەیە خۆی لە رادار دەشارێتەوە، بۆیە توانیویەتی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە سووریا و عێراق پەکبخات، دواتر رێگە خۆشکراوە فڕۆکەکانی دیکەش بێ چاودێریی ئاسمانی، هێرشەکە ئەنجامبدەن.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل پەیامێکیش بووە بۆ رووسیا و شکاندنی ناوبانگی کەرەستە سەربازییەکانی، کە ئێران خاوەنداریی سیستمی S-300 ی رووسی دەکات، بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، زۆربەی ئەو مووشەکانەی 100 فڕۆکە جەنگییەکە هەڵیانداوەتە خوار، ئامانجەکانیان پێکاوە و سیستمی بەرگریی ئێران توانیویەتی ژمارەیەکی کەمیان لەناو ببات.
راشیانگەیاندووە، پێشتر هەردوو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسی S-300 وS-400ی رووسی نەیانتوانیوە بەرپەرچی مووشەکەکانی ئۆکرانیا بدەنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ناوی نهێنیی ئۆپەراسیۆنەکە "رۆژانی تەوبە" بووە، چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی هێرشەکە، ئیسرائیل ئەمریکا و چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئەوروپای لە سروشت و مەوداکەی ئاگادارکردووەتەوە، دواتریش کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە ئێرانیان ئاگادار کردەوە.
28/10/2024