ئەو چارەسەرانە چین کە بۆ ئازاری درێژخایەن دەکرێن؟

هەندێک نەخۆشی هەن پزیشکەکان بێئومێد دەبن لە چاکبوونەوەیان و زانستی پزیشکی هەواڵی خۆشی پێنییە بۆیان لەڕووی بنەبڕکردن لە نەخۆشییەکە و گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی، بەڵام لقێکی زانستی پزیشکی هەیە کە جۆرە ئومێدێکە بۆ تووشبووەکان، بەوەی لەگەڵ بەردەوامیی نەخۆشییەکەیان، دەکرێت ئازارەکانیان کۆنترۆلبکرێت، لە نموونەی ئەو ئازارانە: ئازاری شێرپەنجە، ئازاری شەقیقەی سەر، بەشێک لە ئازارەکانی بڕبڕەکانی پشت و مل.
بۆ روونکردنەوەی زیاتر لەسەر جۆری نەخۆشییەکان و چارەسەرەکانیان، کەناڵ8 چاوپێکەوتنی لەگەڵ د. هێڤی شێرکۆدا کرد کە پسپۆڕییەکەی لە بواری چارەسەری ئازاردایە، پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بەشێوەیەکی سەرەکی چارەسەری ئازاری پشت، شان و پێ، ئازاری شەقیقە و ئازاری پاش نەشتەرگەری دەکەن، دەکرێت چارەسەرەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی گرفتەکانیان زۆر دەخایەنێت و چارەسەرەکانیش بۆ ماوەیەکی زۆر درێژدەبنەوە، هەندێجار تاوەکو تەمەنی کەسەکە تەواودەبێت، دەبێت ئەم چارەسەرانە وەربگرێت.
ئەو نەخۆشییە بێ چارەسەرانە چین کە چارەسەری ئازاریان بۆ دەکرێت؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، د. هێڤی شێرکۆ گوتی، بەشێوەیەکی سەرەکی دوو کۆمەڵەی نەخۆشی هەن کە چارەسەریان نییە، یەکەمیان هەندێک جۆری شێرپەنجەیە کە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و کەسەکە هیچ هیوایەکی بۆ بنەبڕکردنی نەخۆشییەکەی نییە، دووەمیان ئەو کەسانەن کە دڕکەپەتکیان ئازاری پێ گەیشتووە، وەکو ئەوانەی کە تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون.
پسپۆڕییەکە لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتووە؟
د. هێڤی شێرکۆ گوتی، ئێستا پسپۆڕیی تایبەت بە چارەسەرکردنی ئازار لە هەرێمی کوردستان هەیە کە پێشتر نەبووە؛ "زۆرجار ئێمە کۆتا پزیشکین کە دێنە لامان و چارەخوازان هەندێک جار چارەسەر و پشکنینی زۆریان پێیە، بەڵام یەکەم هەنگاوی ئێمە ئەوەیە بەتەواوی نەخۆشییەکەیان دەستنیشانبکەین، چونکە هەیە چارەسەری شەقیقەی وەرگرتووە و دوایی دەرکەوتووە کە گرفتێکی لە بڕبڕەکانی ملیدا هەیە، یان هەیە چارەسەری نەخۆشیی رۆماتیزمی وەرگرتووە و پاشان دەرکەوتووە کە نەخۆشیی فایبرۆمایەلجیای هەیە".
ئەو چارەسەرانە چین کە بۆ ئازاری درێژخایەن دەکرێن؟
پسپۆڕەکە باسی لە هەندێک لەو چارەسەرانە کرد کە بۆ ئازاری درێژخایەن بەکاردەهێنرێن: پلازما، بۆتۆکس، بەکارهێنانی رادیۆفریکوێنسی، دەرمانی ئازارشکێن و دەرمانی خاوکردنەوەی ماسولکەکان، هەروەها هەندێک لە تەواوکەرە خۆراکییەکانیش دەکرێت سوودیان لە چارەسەرکردنی ئازاردا هەبێت.
یەکێک لە چارەسەرە سەرکەوتووەکان چارەسەری رادیۆفریکوێنسی یان لەرەلەری تیشکییە، پسپۆڕەکە گوتی ئەم چارەسەرە بە بەنجی ناوچەیی دەکرێت و لە کاتژمێرێک کەمتری پێدەچێت و هیچ ئازارێکی نییە؛ "ئێستا سەنتەری پێشکەوتوو لە هەولێر هەیە و بەردەوام زانیاریی و ئامێرەکان نوێدەکرێنەوە، لە چارەسەرەکەدا لەیزەر دەدرێت لەو دەمارانەی ئازار دەگەیەنن یان دروستی دەکەن، دەکرێت کەسەکە پێویستی بە سێ بۆ چوار جار دووبارەکردنەوە هەبێت".
29/10/2024