ئەکسيۆس: پێشنيازێکی نوێ بۆ ئاگربەست لە ئارادايە

مزگەوتێکی رووخاوی لە شاری خان یونسی باشووری کەرتی غەززە دوای بۆردوومانکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە، فۆتۆ: AP
مزگەوتێکی رووخاوی لە شاری خان یونسی باشووری کەرتی غەززە دوای بۆردوومانکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە، فۆتۆ: AP

ماڵپەڕی ئەکسيۆسی ئەمريکی بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئيسرائيلی بڵاويکردەوە، وليام بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمريکا (CIA) پێشنيازێکی نوێی بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی 28 رۆژ خستووەتەروو.

ماڵپەڕەکە بڵاویکردووەتەوە، پێشنیازەکە بریتییە لە ئاگربەست لە غەززە بۆ ماوەی 28 رۆژ، ئازادکردنی نزیکەی هەشت بارمتە کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە گیراون و لەبەرامبەردا ئازادکردنی دەیان زیندانی فەڵەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون.

ئەکسيۆس راشيگەياندووە، بێرنز لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلی و قەتەرییەکانی ئەنجاميدابوو، ئەو بیرۆکەیەی خستووەتەروو.

بەگوێرەی پێگە ئەمریکییەکە، پلانەکەی بێرنز "خواستەکانی حەماس ناهێنێتەدی کە بريتييە لە کشانەوەی سوپاى ئیسرائیل لە غەززە و کۆتاییهێنان بە شەڕ.

هەروەها، پلانەکە يان ئازادکردنی هەشت ژن لەخۆدەگرێت کە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون، ياخود پیاوانی سەرووی 50 ساڵان دەگرێتەوە".

نوسينگەی بنيامين نەتانياهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پێشنیازێکیان پێنەگەیشتووە بۆ ئازادکردنی چوار بارمتە لە بەرامبەر ئاگربەستێکی 48 کاتژمێری لە غەززە، ئەگەر پێشنیازێکی لەو شێوەیە بخرایەتەڕوو، ئەوا سەرۆکوەزیران دەستبەجێ قبووڵی دەکرد".

رۆژی يەکشەممە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر رایگەیاند، قاهیرە پێشنیازی ئاگربەستی دوو رۆژەی لە غەززە کردووە بۆ ئاڵوگۆڕی چوار بارمتەی ئیسرائیلی بە بەشێک لە زیندانییە فەلەستینییەکان.

راگەیاندنی ئەو پێشنیازە میسرییە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە قەتەر بە بەشداریی بەڕێوەبەری 'سی ئای ئەی' و سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی دەستيانپێکرد.

ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو ئەو کاتەی توانای سەربازیی و ئیداریی حەماس لە غەززە نەمێنێت، شەڕ کۆتایی نایات.