حیزبوڵا نەعيم قاسمی وەک شوێنگرەوەی نەسروڵا دياريکرد

حیزبوڵای لوبنان نەعيم قاسمی وەک شوێنگرەوەی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری پێشوو دياريکرد، کە 27ی مانگی رابردوو لە هێرشێکی ئيسرائيلدا لە باشووری بەيروت کوژرا.

حیزبوڵا لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردەوە، بەگوێرەی میکانیزمی پەسەندکراوی هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی، شورای حیزبوڵا رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر هەڵبژاردنی شێخ نەعیم قاسم وەک ئەمینداری گشتی.

نەعیم قاسم، پێشتر جێگری ئەمیندارى گشتیی حیزبوڵای لوبنان بووە، لە وتارێکدا لە سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند: حیزبوڵای لوبنان، پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکات کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ئاگربەست لە لوبنان.

نەعيم قاسم بەبێئەوەی شوێنی وتارەکەی ئاشکرا بێت، گوتيشی "ئێمە خەڵکی گۆڕەپانەکەین، شەڕ ئەو لايەنە هەڵیگیرساندووە کە سەرەتا دەستپێشخەر بوو، ئێمە لەمەدا دەستپێشخەریی ناکەين، سەرەڕای هێرشە توندەکانی ئيسرائيل هێشتا گرووپەکە توانايەکی باشی هەيە".

هەفتەی رابردووش، نەعيم قاسم لە وتارێکی 19 خولەکيدا رایگەیاند، حیزبوڵا لە زووترین دەرفەتدا ئەمینداری گشتیی نوێ بۆ شوێنگرەوەی حەسەن نەسروڵا دیاریدەکات، بەڵێنیدا "بزووتنەوەکەی بە پشتیوانیی ئێران درێژە بە شەڕ دژی ئیسرائیل بدات".