موسەنا ئەمین: پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانی بەرێککەوتن تێدەپەڕێندرێت

موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەندامێکى کوردی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، جۆرێک لە رێککەوتن لەنێوان کورد، شیعە و سوننە هەیە بۆ تێپەڕاندنى ئەو سێ پرۆژەیاسایەی ماوەیەکە مشتومڕیان لەسەرە.

هەریەک لە کورد، شیعە و سوننە، بە سێ پرۆژەیاسا دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممە دەستپێدەکەن، پرۆژەیاسای هەمواری گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانی کە کورد پێشکەشیکردووە، پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی کە سوننە پشتیوانیی دەکات، پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسیی کە شیعە پشتیوانیی دەکات

موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بەکەناڵ8ـى راگەیاند، "لە ماڵى موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەوەکالەت کۆبوونەوەیەک لەنێوان شیعە، سوننە و کورد بەڕێوەچووە و تێیدا بڕیاردراوە ئەو دەقەى لە حکومەتەوە لەبارەى پرۆژەیاساى گەڕانەوەى ماڵ و موڵک بۆ خاوەنەکانیان هاتووە، وەکخۆی تێپەڕێندرێت بێ ئەو تێبینییانەی لەناو ئەنجوومەنى نوێنەراندا بۆى زیادکراوە".

گوتیشى، "سوننە بەوە رازیبووە ئەوەى لە حکومەتەوە هاتووە، تێپەڕێندرێت کە بەشێکە لە بڕیارى سیاسى و بەگوێرەى ئەو یاسایە 70 بۆ 80%ـى مافى کورد و تورکمان بەوشێوەیە دەگەڕێتەوە، بەڵام 100% نییە و رەنگە چەند ناوچەیەک نەگرێتەوە، بەڵام بەگشتى تێپەڕاندنى پرۆژەیاساکە بەو شێوەیەى لە حکومەتەوە هاتووە، لەبەرژەوەندیى کورد و تورکمانە".

بەگوتەى ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، "کۆبوونەوە لە لیژنەى یاسایى کراوە لەگەڵ موحسین مەندەلاوى، بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى بەعس و گەڕانەوەى موڵک و ماڵە داگیرکراوەکان و بەگوێرەى رێککەوتنى کوتلە سیاسییەکان، شیعە و سوننەش رازین بەوەى لە حکومەتەوە هاتووە بۆ تێپەڕاندنى یاساکە".

بەگوێرەى فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تەوەری یەکەمى دانیشتنەکەى ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان دەدرێت، کە بە بڕیارى ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی رژێمی پێشوو لێیان وەرگیراوەتەوە.

بڕیاربوو لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگ لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە بدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی پەرلەمانتارانی سوننەوە دەنگی لەسەرنەدرا.