ئەمشەو بە هەشت یاری گەڕێکی دیکەی جامی ئەڵمانیا ئەنجامدەدرێت

ئەمشەو کێبڕکێکانی جامی ئەڵمانیا بە هەشت یاریی لە هەشت یاریگەی جیاواز بەردەوامی دەبێت..

یانەی بایەر لیڤەرکوزن کە رکابەرە بۆ ناسناوی ئەم وەرزەی بۆندسلیگا، کاتژمێر (08:00) لەیاریگەی بای ئارێنا میوانداریی یانەی ئیلڤسبێرگ دەکات.

ئەرکەکەی لیڤەرکوزن ئاسانە، وەرزی رابردوو ئەم ناسناوەی بەدەستهێناوە و لەم وەرزەشدا بە 15 خاڵەوە سێیەمی خولی ئەڵمانیایە، یانەکەی رکابەری هەرچەندە لە گەڕی رابردوو بە حەوت گۆڵی بێوەڵام لە بوروسیا هیلدسهایمی بردووەتەوە و دوای 10 یاریی خولی پلە دوو بە 16 خاڵەوە حەوتەمە، بەڵام یانەیەکی پلە دووە و ناگاتە ئاستی یانەیەکی خولی پلە یەک.

تیپەکەی ئەلۆنسۆ لە یاریگەی خۆیدا یەکێکە لە بەهێزترینەکانی ئەوروپا، لە دوایین چوار یاریدا لە بای ئارێنا سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و کۆی ئەنجامەکانی (9 بە 6) بووە، تەنانەت لە جامی ئەڵمانیاشدا دوایین سێ یاریی بردووەتەوە.

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری لیڤەرکوزن.

لە یارییەکی دیکەدا کە لە هەمان کاتدا ئەنجامدەدرێت، یانەی لایپزیگ، کە لەم وەرزەدا هیچ شکستێکی لە خولی ئەڵمانیادا نەبووە و بە 20 خاڵەوە رکابەری بایرن میونشنە بۆ پێشەنگی بۆندسلیگا، لە یاریگەی رێدبوڵ ئارێنا میوانداریی سانت پاولی دەکات.

ئەم یارییەش بۆ یانەکەی خۆرهەڵاتی ئەڵمانیا هاوشێوەی چانسێکیە بۆ تۆڵە سەندنەوە، چونکە هەمان یانە لە هەفتەی چوارەمی بۆندسلیگا لە یاریگەی خۆیدا بە بێ گۆڵ بەرامبەر لایپزیگ یەکسانبوونی تۆمارکرد و دوو خاڵی لە یانەکەی مارکۆس رۆز داماڵی.

نووری شاهین، راهێنەری دۆرتمۆند.

سێیەم بەهێزترین یاریی ئەمشەوی "دی ئێف بی پوکال"، کاتژمێر (10:45) لە یاریگەی ڤۆلکسڤاگن ئارێنا لەنێوان ڤۆڵفسبۆرگ و بوروسیا دۆرتمۆند ئەنجامدەدرێت.

دۆرتمۆند لەم وەرزەدا ئاستی ناهاوسەنگە و رکابەرەکەشی بارودۆخی باشتر نییە، بۆیە چاوەروانی یارییەکی بەهێز و یەکلاەرەوە لەنێوانیاندا دەکرێت، بەتایبەت یانەکەی فێستیڤالین کە لە خولی ئەڵمانیا حەوتەمە و تارادەیەک بەدەستهێنانی ئەم ناسناوە هیوایەکیان بۆ دەگەڕێنێتەوە.