راگەیەندراوى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان لەبارەى مووچە

وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "پرسی دابەشکردن و سەرپەرشتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی پرەنسیپە گشتیەکانی سیستەمی فیدراڵی لەدەسەڵات و تایبەتمەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تەنها لایەنی بەرپرس و تایبەتمەندە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو مامەڵەیەکی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ حکومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ رێکكەوتوون تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، هەموو هەوڵێکی وەزارەتیشمان بە ئاڕاستەی دوور خستنەوەی بابەتی مووچەیە لە هەموو کێشە و ململانێیەکی سیاسی".
لەبارەى پڕۆژەى هەژمارى من، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆژەی هەژماری من بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١١٣) لە رۆژی ( ٢٠٢٣/٨/٢ ) لەبڕگەی سێیەم، سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان، بە کۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من درا و جەخت لەوەکرایەوە کە سەرجەم وەزارەتەکان پشتگیری پڕۆسەی بە دیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەرخستنی پرۆژەی هەژماری من بکەن، کە ئەوەش دەبێتە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کەدەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری".
سەبارەت بە تەوتینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە کراوە "بەگوێرەى بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بەنووسراوی ژمارە (١١١/ت.ق / ٢٠٢٤/١٤٠٥ ) لەبەرواری ( ٢٠٢٤/٧/٣ ) هەموو ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن و سەرجەمیان لەپڕۆسەی (توطين) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەشدارن و هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکی لەبەردەم ئەو بانکانەدا نییە تا پرۆسەی (توطین) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من ئەنجام بدەن".
29/10/2024