ماوەی راوەستان لەسەر یەک پێ دەکرێت چیت پێبڵێت؟

گران جاف 30/10/2024

هەندێجار بەساڵاچووان دەیانەوێت بزانن تاوەکو چەند بە شێوازێکی تەندروست بەساڵدادەچن، پشکنینەکان زۆرن بۆئەوەی تەندروستیی کەسێکی بەساڵاچوو هەڵبسەنگێنرێت، بەڵام لە توێژینەوەیەکی نوێدا تاقیکردنەوەیەکی زۆر سادە دۆزراوەتەوە کە یارمەتیی بەساڵاچووان دەدات بزانن کە دۆخی تەندروستییان چۆنە.

ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاترە و دەتوانن بۆ ماوەی 30 چرکە یان زیاتر لەسەر یەک پێ بووەستن (پێیە لاوازەکەیان)، ئەوا بە شێوازێکی باش و تەندروستانە بەساڵدادەچن.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم پشکنینە زۆر لە پشکنینەکانی دەستگرتن، بەهێزیی ئەژنۆ و رێوڕۆشتن لە دەستنیشانکردنی بەساڵاچوونێکی تەندروستانەدا کاریگەرترە.

هەژمارکردنی توانای هاوسەنگی راگرتنی جەستە بە رێگەیەکی باش دادەنرێت بۆئەوەی بزانرێت کە کەسێک تەندروستە یان نا، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆئەوەی کەسێک بتوانێت بە هاوسەنگی لەسەر پێیەکی بووەستێت، پێویستی بە بەهێزیی ماسولکەکان، تەندروستبوونی سیستمی گوێی ناوەوە (بەرپرسە لە راگرتنی هاوسەنگیی جەستە و نەکەوتن) و سیستمی هەستکردن و جوڵە هەیە.

گۆڕانکاری لە توانای راگرتنی هاوسەنگیی جەستەدا ئاسایی نییە و هۆکارە بۆ هەبوونی مەترسیی کەوتن لە هەر ساتێکدا.

بۆ توێژینەوەکە، داوا لە 40 کەسی بەساڵاچووی تەندروست کرا کە چەند جوڵەیەک ئەنجامبدەن، نیوەی بەشداربووەکان تەمەنیان لە 65 ساڵ کەمتربوو، نیوەکەی تریشیان تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵەوە بوو.

پشکنینی هاوسەنگییەکە بەجۆرێک بوو کە بەشداربووەکان لەسەر یەک پێ دەوەستان و دەیانتوانی پێیەکەی دیکەیان بە دەست بگرن و تەنانەت چاویشیان بە کراوەیی بمێنێتەوە.

توێژەران بۆیاندەرکەوت کە  راوەستان لەسەر یەک پێ (لاوازەکەیان) زۆر بەباشی توانی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستیی کەسانی بەساڵاچوو بکات، لەگەڵ ئەوەی هەردوو پشکنینی دەستگرتن و بەپێ رۆیشتنیش زۆر کاریگەربوون لە ئەم دەستنیشانکردنەدا، بەڵام کاریگەرترینیان بریتیبوولە ئەم پشکنینە زۆر سادەیە.

گران جاف

30/10/2024