پسپۆڕێک: جەڵتەی مێشک دووەم هۆکاری گیانلەدەستدان و یەکەم هۆکاری پەککەوتنە

جەڵتەی مێشک لە گرفتە هەرە بڵاوە تەندروستییەکانی ئەم سەردەمەیە و یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی مردن یان پەککەوتنی مرۆڤی ئێستا، بۆیە لە جیهاندا رۆژی 29ی ئۆکتۆبەر دیاریکراوە وەکو رۆژی هۆشیارکردنەوە لەبارەی ئەم گرفتە مەترسیدارە، لە وڵاتانی پێشکەوتوو کە داتا و ئاماری پێویست بەردەستە، دەرکەوتووە لە سەروو تەمەنی 25 ساڵیەوە، چواریەکی خەڵک لە یەکێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا تووشی جەڵتەی مێشک دەبن، بۆیە گرنگە هەمووان زانیاریی پیویستیان هەبێت لەبارەی ئەم مەترسییە گەورەیە، بەزوو ناسینەوەی نەخۆشییەکە لەلایەن ئەندامانی خێزان، زوو گەیاندنی بە ناوەندی چارەسەر و پاشان شیاندنەوەی کەسەکە و گێڕانەوەی بۆ ژیانی تارادەیەک ئاسایی لەپاش تووشبوون بە جەڵتە، ئەگەر توانرابوو ژیانی رزگاربکرێت.
د. رزگار حامید، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵ8 باسی لە جەڵتەی مێشک و سەرەکیترین هۆکار و نیشانەکانی کرد؛ " جەڵتەی مێشک دووەم هۆکاری گیانلەدەستدان و یەکەم هۆکاری پەککەوتنە لە جیهاندا".
سەبارەت بە جۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک، پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار گوتی زۆرینەی حاڵەتەکانی جەڵتەی مێشک بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی مێشکەوە روودەدەن، بەڵام دەکرێت جەڵتەی مێشک بەهۆی خوێنبەربوونیشەوە رووبدات.
هۆکارەکانی جەڵتەی مێشک
د. رزگار حامید، هۆکارەکانی شێرپەنجەی مەمکی کرد بە دوو جۆرەوە:
ئەو هۆکارانەی رێگرییان لێناکرێت:
- بۆماوە
- رەگەزی نێر
- نەتەوە: ئەمریکییە لاتینییەکان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە
ئەو هۆکارانەی رێگرییان لێدەکرێت:
- نەخۆشییەکانی دڵ
- جگەرەکێشان
- شەکرە
- بەرزەفشاری خوێن
جەڵتەی مێشک هەر پەیوەست نییە بە کەسی تووشبوو، بەڵکو پەیوەستە بە خێزان و کەسانی دەوروبەری کەسە تووشبووەکە، بە گرنگیپێدانی تووشبووەکە و پاشان گرنگیدان بە خۆیان بە پشکنینی پێشوەختە، بەو پێیەی لە خێزانەکەیاندا کەسی تووشبوو هەیە و دوور نییە لەڕووی بۆماوەییەوە هۆکاری رێگاخۆشکەر هەبێت کە ئەوانیش تووشببن.
چۆن جەڵتەی مێشک بناسینەوە؟
بۆ ناسینەوەی جەڵتەی مێشک، پسپۆڕەکە ئاماژەی بە پرەنسیپی (BE FAST ) کرد کە لە زمانی ئینگلیزیدا بە واتای "خێرابە" دێت و کورتکراوەی نیشانەکانی جەڵتەی مێشکە:
- B: بۆ باڵانس یان راگرتنی هاوسەنگیی جەستە، جەڵتەی مێشک هۆکارێکی لاوازبوونی هاوسەنگی بەشێوازێکی کتوپڕ و کەوتنە
- E: تێکچوونی بینین
- F: خواربوونی دەموچاو
- A: سڕبوون یان لاوازبوونی یەکێک لە پەلەکان
- S: تێکچوونی قسەکردن
- T: کات! گرنگترین پێوەری چارەسەری جەڵتەی مێشکە و دەبێت کەسەکە بەزووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکات
سەبارەت بە یەکەی چارەسەری جەڵتەی مێشک لە سلێمانی
پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار باسی لە پێشکەوتنی چارەسەرەکان لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بەتایبەت کرد و گوتی "یەکەی چارەسەری جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی تاکە سەنتەری تایبەتمەندی چارەسەری جەڵتەی مێشکە لە عێراقدا، ئەم سەنتەرە لە ساڵی 2022ـەوە خزمەتێکی گرنگ پێشکەشدەکات و بەردەوام لە پێشکەوتندایە، لە سەنتەرەکەدا بەردەوام پزیشکانی پسپۆڕی مێشک و دەمار و پزیشکانی پلەبەندی بوارەکە، لەگەڵ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بەزووترین کات بەهانای ئەو کەسانەوە دەچن کە روو لە یەکەکە دەکەن".
30/10/2024