محەمەد شیاع سودانى: داهاتى دەروازە سنورییەکانى هەرێمی کوردستان لە ئاستی پێویستدا نییە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

پاش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو ساڵ کارکردنى حکومەتەکەی خستەڕوو، رایگەیاند بە رێژەی 62% توانراوە بەرنامەى حکومەت جێبەجێبکرێت و رێژەى هەژارى و هەڵاوسان کەمبکاتەوە، ئەوەشى دووپاتکردەوە، داهاتى دەروازە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان لە ئاستی پێویستدا نییە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژى سێشەممە 29ـی تشرینى یەکەمى 2024، بەبۆنەی دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر پێکهێنانی حکومەتەکەیدا، رایگەیاند، "رێککەوتنەکانیان لەگەڵ چین جێبەجێدەکەن، زۆرینەى قوتابخانەکانى عێراق نۆژەنکراونەتەوە و چەندین قوتابخانەى نوێ دروستکراون".

راشیگەیاند "لە هەموو عێراق پرۆژەکان لە یەک بوار و تەنیا بۆ یەک شار و پارێزگا نەبوون، بەڵکو لەکۆى هەزار و 471 پرۆژەی وەستاو، کارکردن لە 550 پرۆژە دەستیپێکردووەتەوە".

سوودانی ئاماژەى بەوەکرد، هەنگاوەکانیان بوونەتەهۆی ئەوەی داهاتی نانەوتی بە رێژەی 6% و داهاتى باج بەرێژەى 23% زیاد بکەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشى، "داهاتی دەروازە سنوورییەکان نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، بەتایبەتی لە دەروازەکانمان لە هەرێمی کوردستان."