پارێزگاری بانکی ناوەندی: بانکە حکومییەکان 80% کەرتی بانکی عێراق پێکدەهێنن

پارێزگاریی بانکی ناوەندی، لە پانێڵی دیداری مێری سەبارەت بە چاکسازییەکانی کەرتی دارایی و بانکی عێراق رایگەیاند، لە کابینەی محەمەد شیاع سودانیدا مانگانە کۆبوونەوە بۆ رێکخستنی چاکسازیی دارایی و بانکی دەکرێت، بە نیازن لە کۆتایی ئەمساڵدا بە پلانێکی گشتی کاری سەرجەم بانکەکان رێکبخەنەوە.
عەلی عەلاق، پارێزگاریی بانکی ناوەندی گوتى، "لە کابینەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چاکسازیی دارایی و بانکی ئەنجامدەدرێت و مانگانە کۆبوونەوە لەسەر ئەو بابەتە بەڕێوەدەچێت".
گوتیشى، "بەنیازین لە کۆتایی ئەمساڵدا پلانێکی گشتی دابڕێژین و دەست بە هەنگاوەکانی چاکسازیی بکەین، بانکە حکومییەکان رۆڵێکی گرنگ و کاریگەرییان هەیە لە پێکهێنان و بەرزکردنەوەی ژێرخانیی ئابووری وڵاتدا و 80٪ـى کاری کەرتی بانکی لەلایەن بانکە حکومییەکان بەڕێوەدەچێت".
پارێزگاریی بانکی ناوەندی لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا گوتى، بەڵام کاری بانکەکان پێویستی بە رێکخستنەوەی زیاتر و چاکسازیی زیاتر هەیە، چونکە چەندین کەموکوڕی تێدایە کە لە ساڵانی رابردوەوە کەڵەکەبوون.
30/10/2024