حکومەتى هەرێمى کوردستان رسوماتى تۆمارکردنى خانووبەرە کەمدەکاتەوە

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى رسوماتى تۆمارکردنى خانووبەرە لەسەر هاونیشتمانیان لە 3%ـەوە بۆ 1%.

نووسراوەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە ژمارەکەى 14323یە لە رۆژى 27ـى ئەم مانگەدا لەلایەن سەرۆکایەتى دیوانەوە ئاڕاستەى وەزارەتى داد کراوە و تیایدا هاتووە، رسوماتى پول پێشتر لە 1% وەردەگیرا بەگوێرەى خەمڵاندنى نرخى موڵک، بەڵام بڕیاردراوە ئەمە بکرێتە رەسمى پولى ئاسایی کە تەنیا هەزار دینارە.

هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، رەسمى تۆمارکردنى موڵک کە 2% لە کۆی نرخی موڵکەکە وەردەگیرا پێشتر بڕیاردراوە بەهەمانشێوە لە 2% وەربگیرێت، بەڵام لەکۆى 50%ـى نرخى موڵکەکە و بەوەش کۆى گشتى رەسمى تۆمارکردنى موڵک لە 3%ـى نرخى موڵکەکە کەمدەکرێتەوە بۆ 1%ـى نرخی موڵک.

بەگوێرەى بڕیارەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەگەر پێشتر رسوماتى تۆمارکردنى یەکەیەکى نیشتەجێبوون یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار بووبێت، لەئێستاوە دەبێتە 500 هەزار دینار.