پەیامێک لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و 'هەژماری من'

کەناڵ8 31/10/2024
کۆبوونەوەى بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی  و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەى بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "هەژماری من کۆتاییهاتووە" لەبارەی پێکهێنانی حکومەتیشەوە گوتی، "ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت، هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو."

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دۆخی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردن، پرسی پێشمەرگە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لە هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کردووە و گوتوویەتی، "یەکێتی بەپەرۆشییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و تەندروست دەڕوانێت، حکومەتێک رەنگدانەوەی خواستەکانی خەڵک بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت مەرام و ویستەکانی خۆی بسەپێنێت و دامەزراوە حکومییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت."

وەکو سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "بەپشتیوانیی خەڵک توانیمان کۆتایی بە تاكڕەوی بهێنین و نەهێڵین چیدیکە ئەم حوکمڕانییە چەوتە درێژەبکێشێت. قۆناغی داهاتووش بریتی دەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری، هیوادارم هەموولایەنەکان خۆیان لەگەڵ ئەم پرەنسیپە بگونجێنن، چونکە ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت، هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو."

لەبارەى چاکسازییەکانی ناو هێزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکان، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، "هەموو هەوڵێک لە دەرەوەی رێککەوتنەکان وەک لێدان لەم پرۆسە نیشتمانییە دەبینین، بۆیە هیوادارین هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و بێگومان هاوکاریی دۆستەکانیشمان لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بەرز دەنرخێنین."

لەبارەی پرۆسەی 'هەژماری من'ـیشەوە، سەرۆکی یەکێتی گوتی، "ئەم پرسە کۆتاییهاتووە، ئەوەی خەڵک دەیەوێت ئێمە جێبەجێی دەکەین و هەوڵەکانمان لەپێناو ئەواندایە، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە یاسا کار بە 'تەوتین' دەکەین کە لەبەرژەوەندیی مووچەخۆراندایە نەک لایەنێکی دیاریکراو."

کەناڵ8

31/10/2024