ئوسترالیا سیستمێکی نوێ بۆ دیاریکردنی تەمەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاقیدەکاتەوە

ئێستا ئوسترالیا لە سەروبەندی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبوک، ئینستاگرام، تیکتۆک و سناپە لە کەسانی خوار تەمەن 16 ساڵ.
پەیوەست بە قەدەغەکردنەکە، ئەنتۆنی ئەلبانیس، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، رایگەیاند داوا لە کۆمپانیاکان دەکەن هەموو داتایەکی کەسیی دیاریکردنی تەمەنی بەکارهێنەرانیان لەناوبەرن.
ئەلبانیس، رۆژی دووشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2024، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتی: مەرجی بەهێز و توند بۆ پاراستنی زانیارییە کەسییەکانی خەڵک دادەنێین، پەرلەمانی وڵاتەکە بەنیازە پرۆژە یاساکە لە رۆژی پێنجشەممەدا پەسەند بکات.
حکومەتی وڵاتەکە پلانی هەیە سیستمێکی دیاریکردنی تەمەن تاقیبکاتەوە کە پشت بە زانیاری بایۆمەتری و ناسنامەی حکومی ببەستێت، وەکو بەشێک لە سنووردارکردنەکان کە ئوسترالیا دەکاتە یەکەم وڵات رێکاری لەم شێوەیە توند بەرامبەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرێتەبەر.
25/11/2024