ئێسکەپەیکەرى دایناسۆرێک دەخرێتە زیادكردنەوە

ئێسکەپەیکەری دایناسۆرێک لەجۆری کامپتۆسۆرێس کە بەشێوەیەکی نائاسایی و سەرنجڕاکێش بەباشی ماوەتەوە، بە"باری" ناسراوە، مانگی داهاتوو لەپاریس دەخرێتە زیادكردنەوە.

لەناو بازاڕی هونەردا، نموونەی دایناسۆرەکان بەدەگمەن ماوونەتەوە و پێشبینیدەکرێت "باری" ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت.

مێژوویی دایناسۆرەکە بۆ نزیکەی 150 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، دەگەڕێتەوە و بڕیارە بەر لە فڕۆشتنی لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمدا کەللـەسەری ئێسکەپەیکەرەکە نمایشبكرێت، بۆ ئەوەی خەڵک بیبینن و پێشبینیدەکرێت بەنزیكەی یەک ملیۆن و 280 هەزار دۆلار، بفڕۆشرێت.

ئێسکەپەیکەرى دایناسۆرەکە، بۆ یەکەمجار لەساڵانی نەوەدەکاندا لەویلایەتی وایۆمینگ لەئەمریکا دۆزرایەوە، سەرەتا لەساڵی 2000 لەلایەن زانای بواری زیندەوەرزانیی کۆن "باری جەیمس"ـەوە بەیەکەوە بەسترایەوە – ناوەکەشی لەناوی زاناکەوە وەرگیراوە و بۆیە پێیدەڵێن "باری".