عەلی ئەکبەر مورادی باوکی تەنبووری جیهان

بە باوکى تەنبوورى جیهانى ناسراوە، لە ریزی 50 ژەنیارە گەورەکانی موزیکی جیهاندا ناوی تۆمارکراوە.

عەلی ئەکبەر مورادی، ئەو کوردە ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ و تەنبوورژەنەى، ساڵی 1957 لە داڵاهۆى سنوورى کرماشان، لە بنەماڵەیەکی کوردی یارسان لەدایکبووە.

مورادی، خاوەنی شێوازی موزیکی تایبەت بە خۆیەتی، بۆ فێربوونى ئامێری تەنبوور، چووەتە لاى ئوستادی دیاری تەنبورى وەک، سەید وەلی حوسێنی و سەید محەمەد عەلەوی، لە تەمەنی 30 ساڵیدا فێری ژەنینی هەر 72 مەقامەکەی مۆسیقای مەقامی کوردستان بووە.

عەلی ئەکبەر مورادی، دەربارەی رۆڵی ئایینی یارسان لە پاراستنی موزیکی کوردی و پێگەی موزیکی کورد لەسەر ئاستی جیهاندا دەڵێت، "میوزیکی کوردی، نەک تەنیا لە ناوچەکە، بەڵکو لە ئاستی جیهاندا میوزیکێکی دەوڵەمەند و بەرفراوانە، ئێمە نەتەوەیەکی نزیک بە 45 ملیۆن کەسین، ئەگەر رێژەی کورد لەبەرچاو بگرین، هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد موزیکی جۆراوجۆری نییە".

چالاکییە هونەرییەکان

لەساڵی 1971 بە تاکژەنی تەنبوور، کاری خۆی لەناو فەرهەنگ و هونەری کرماشان دەستپێکردووە و لە ساڵی 1972 لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندەکانی، ئەلقاسی و خادمی، یەکەمین گروپی تەنبووریان لە کرماشان پێکهێناوە.

لەساڵی 1980 گروپی تەنبووری شەمس دروستبوو و عەلی ئەکبەر مورادی، یەکێک بوو لە ئەندامانی دامەزرێنەری ئەو گروپە، لەو کاتەوە خەڵاتی گرنگی لە فێستیڤاڵەکانی ئێران وەرگرتووە.

لەساڵی 1993 بە شێوەیەکی سەربەخۆ درێژە بە کاری موزیكی خۆی دەدات و دەستیکردووە بە کۆکردنەوە و فێربوون و تۆمارکردنی مەقامە کۆنەکانی تەنبوور، ئەم مەقامانە(72 مەقام) ساڵانێک دواتر لەلایەن ماڵی کولتوورە جیهانییەکان لە پاریس و دواتر لە ئێران بە چوار (سی دی) بڵاوکرانەوە، بە شێوەیەک کە مورادی کردە کاندید بۆ خەڵاتی "گرامی".

چالاکییە پەروەردەییەکان

عەلی ئەکبەر مورادی، لە بواری پەروەردەی دەف و تەنبووردا چالاکبووە و راهێنانی بە چەندین قوتابی کردووە، لەم رووەوە بۆ یەکەمجار میتۆدێکی زانستی بۆ فێرکردنی تەنبوور دانا و کتێبی سەد وانە: فێرکردنی تەنبووری نووسی.

هەروەها له ناوەوە و دەرەوەی ئێران، بەرهەم و کۆنسێرتی جۆراوجۆری پەروەردەیی ساز و پێشکەشکردووە.

لە خوێندکارە بەناوبانگەکانی عەلی ئەکبەر مورادی، دەکرێت ئاماژە بە ناوی حەیدەر کاکی، جەهانبەخش رۆستەمی، ئارش مورادی، کورش مورادی و فەردین فەرمانی، بکرێت، عەلی ئەکبەر مورادی، لەئێستادا سەرقاڵی بەڕێوەبردنی قوتابخانەی موزیكی یارسانە لە تاران و لەم قوتابخانەدا قوتابییان فێری ژەنینی دەف و تەنبوور دەکات.

هەروەها دوو کتێبی بێوێنەی نوسیووە بۆ فێرکاریی دەف و تەنبوور، بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن فێرخوازانەوە لە سەرانسەرى ئێران، بەکاردەهێنرێت.

لەکاتی پێکهێنانی گروپی شەمسدا، موزیك هێشتا نەگەیشتبووە ئەو ئاوەدانییەی ئێستای، یەکەم کۆنسێرتی بێبەرامبەری لەساڵی 1959 لە هۆڵی وەحدەت ئەنجامدا، پاشان چوونه چەند شارێکى دیکەی ئێران، رەنگه گرنگترین کۆنسێرتی ئەو ساڵە بووبێت به بۆنەی بووملەرزەکەی رودبار ئەنجام درابێت.

مورادی لەگەڵ هونەرمەند، شەهرام نازری، گەشتەکانی ئەوروپای دەستپێکرد و لە چەند وڵاتێکى ئەوروپی کۆنسێرتیان ئەنجامدا، چالاکییە سەرەکییەکانی گروپی شەمس لەو ساڵانەدا کۆنسێرتی بیانی بوو بە ئامادەبوونی شەهرام نازری.

ماڵی تەنبوور

عەلی ئەکبەر مورادی، هەموو داهاتی ئەلبوومی "محەمەد تەنبوور"ی لەگەڵ پاداشتی خانەنشینی خۆی تەرخانکرد بۆ دروستکردنی سەنتەرێک بۆ فێرکردنی تەنبوور بە ناوی "ماڵی تەنبوور" لە گوندی بانزەلان، بەڵام دەسەڵاتدارانی کەلتوری پارێزگای کرماشان رێگرییان لە پڕۆژەکە کرد.

مورادی، سەرەڕای هەموو دژایەتی و ئاستەنگەکان، درێژەی بە کارەکانیدا و دواجار ماڵی تەنبووری  لە 13ی ئەیلوولی 2017 بە  ئامادەبوونی بەشێک لە موزیكژەنەكانی ئێران، لەکاتی مەراسیمی کۆتایی قۆناغی یەکەمی "دەنگە کۆنەکانی تەنبوور" کرایەوە.

لەئێستاشدا کارەکانى عەلی ئەکبەر مورادی، بەردەوامە و ساڵانە ماڵی تەنبوور زنجیرە چالاکییەکی جۆراوجۆر لە پەیوەست بە تەنبوورەوە ئەنجامدەدات.