دەوحە وەزیرانی رۆشنبیریی جیهانی ئیسلامیی كۆدەكاتەوە

دوانزەهەمین کۆنفرانسی وەزیرانی رۆشنبیریی جیهانی ئیسلامی لەشاری دەوحە، کۆتاییهات.

رۆژی سێشەممە، 26ـی ئەیلوول، کۆتایی بەکۆنفرانسە دوو رۆژییەکەى وەزیرانی رۆشنبیریی جیهانی ئیسلامی، بەدروشمی ''بەرەو نوێکردنەوەی کاری کولتووریی لەجیهانی ئیسلامیدا''، هات.

ئەم چالاکییە کولتوورییە لەلایەن رێکخراوی جیهانی ئیسلامیی پەروەردەیی، زانستی و رۆشنبیریی (ICESCO) ئەنجامدرا و وەزارەتی رۆشنبیریی قەتەر، میوانداریی کۆنفڕانسەکەی کرد.

ژمارەیەک وەزیری رۆشنبیریی و شاندەکانی وڵاتانی ئەندامی (ICESCO) و نوێنەری کۆمەڵێک رێکخراوی هەرێمی و نێودەوڵەتی، كە لەبوارەکانی کولتووریدا کاردەکەن بەشدارییان لەکۆنفرانسەکەدا کرد.

لەکۆنفرانسەکەدا، باس لەپەرەپێدان و بەهێزکردنی رەهەندە کولتوورییەکان کرا و ئیرینا بۆکۆڤا، بەڕێوەبەری گشتی پێشووی یونسکۆ بەشداری کۆنفرانسەکە بوو، ئیسلامی وەک ئاینی ئاشتی و شارستانییەتی ئیسلامیشی وەک بزوێنەری لێکنزیکبوونەوە لەنێوان کولتوورەکاندا، پێناسەكرد.

راشیگەیاند، بەها ئیسلامییەکان برەو بەزانست و کولتوور و کارلێکی شارستانییەت دەدەن.

دوازدەهەمین کۆنفڕانسی وەزیرانی رۆشنبیریی، ژمارەیەک بڕیاریان پەسەندکرد، گرنگترینیان پەسەندکردنی شاری لوسەیلی قەتەرە وەک پایتەختی رۆشنبیریی لەجیهانی ئیسلامی 2030.

هەروەها لەم کۆنفرانسەدا، هەوڵەکانی رێکخراوەکە بۆ پشتیوانیکردن لەکارە کولتوورییەکان لەژێر رۆشنایی دیدگا و ئاراستە ستراتیژییەکانی و هەروەها راپۆرتی کۆمیتەی میرات لەجیهانی ئیسلامی و بەڵگەنامەی رێنماییەکان بۆ سیاسەتە کولتوورییەکان پێداچوونەوەیان بۆ کرا.

رێکخراوی (ICESCO)، رێکخراوێکى پەروەردەیی و رۆشنبیریی و زانستیی سەر بە دامەزراوەی کۆمکاری عەرەبییە و بنکەکەی لەتونسە، لەقاهیرەی پایتەختی میسر لە25ى تەمووزی 1970 دامەزراوە.