تابلۆی (چوارگۆشەی رەش)ی مالێڤیچ و لەدایکبوونی هونەریكی نوێ
لە ناوەڕاستی 1920ـەکاندا، دوای ئەوەی بزووتنەوەی ئاڤانگاردی -داهاتووگەریی و کوبیزم، جێپێی خۆی قایمکرد، جیهانی هونەری وەرچەخانێکی گەورەی بەسەرداهات.
لەوکاتەدا، ئیمپڕاتۆرییەتی رووسیا ناوەندی تاقیکردنەوەی هونەری بوو کە لە بەرهەمی "چوارگۆشەی ڕەش"ـی کازمیر مالێڤیچدا بە ترۆپک گەیشت.
ئەم بەرهەمە ئەبستراکتە، لە 1915دا کێشرا و بۆهەمیشە گۆڕانێکی جەوهەری خستەسەر جیهانی هونەری مۆدێرن، بەدوای خۆیدا کاریگەری خستە سەر چەندین نەوە لە هونەرمەندی بەتوانادا.
مالێڤیچ، دوو ساڵ پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر و هەرەسهێنانی رژێمی قەیسەری رووسی، پارچە هونەرییە رادیکاڵەکەی کێشا، لە ئاکامدا، سوپریماتیزم (Suprematism) لەدایک بوو، ئەم بزووتنەوە هونەرییە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سەرجەم هونەرمەندانی نەوەی دوای شۆڕشی سۆڤیەتی دانا. مالێڤێچ، چوار نموونەی وێنەکەی کێشاوەتەوە، کۆتا دانەیان لە کۆتاییەکانی 1920 یاخود سەرەتاکانی 1930بوو.
چوارگۆشە رەشەکەی مالێڤێچ: ئایکۆنی نوێ
لە ساڵی 1913، ئەم تابلۆیە بۆ نەخشەی سەر پەردەی شانۆ کێشرابوو، لە ئۆپێرایەکی کوبۆ-فیوچەریزمیی بەناونیشانی "سەرکەوتن بەسەر خۆر" لەلایەن شاعیران، ڤلێمیر خلێبلینکۆڤ و ئەلێکسی کروچیۆنیخ و ئاوازدانەر میخایل ماتوشیێن ئامادە و بەڕێوەدەبرا. هەموویان هاوڕێی نزیکی مالێڤێچ بوون و هاوبۆچوون و روانگەبوون دەربارەی هونەر و نیگارکێشی، ئەم تێڕوانینەیان دەربارەی هونەر لە مانیفێستۆیەکدا پوخت کردەوە و تێیدا هزری ئەقڵانی رەتکرایەوە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمگەرایی و پلەبەندییەکانی رۆژئاوا.
دوو ساڵ دوای تەواوکردنی چوارگۆشەی رەش، تابلۆکە لە پێشانگایەک بەناوى"کۆتا فیوچەریست 0.10" لە سەینت پیتەرسبێرگ ئامادەکرابوو، لە پێشانگاکەدا هونەرمەندەکە بەرهەمەکەی لەناو کۆمەڵێک تابلۆی سوپریماتیستدا لە گۆشەیەکی بەرزدا هەڵواسرابوو، هاوشێوەی لەسێدارەدانی ئایکۆنە نەریتییەکانی رووسیا، هونەرمەندەکە دەیویست، لەمڕێگەیەوە گرنگی رۆحیی تابلۆکە دەربخات و سیمبۆلێکی وای پێبدات، شێوازێکی تایبەت بە خۆیتێدا بەرجەستە بکات.
لە کرۆکی تێڕوانینی رادیکاڵی سوپریماتیزمدا بۆ نیگارکێشان، رەنگ و شکڵ ئامادەیی هەیە، هەر بۆیە لەرێی شکڵی ئەندازەیی بچووککراو و پالێتی رەنگمەند، مالێڤێچ توانی بەڕوونى پڕۆسە هونەریەکەی ئەنجام بدات، بێئەوەی هیچ رێگرییەک لەبەردەم فۆڕمی نواندنەوەکانیدا هەبێت.

ساتەوەختی نمایشکردنی"چوارگۆشەی رەش" هاوکاتبوو لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمى جیهان و دروستبوونى درز لەناو ئیمپڕاتۆرییەتی رووسیا لە 1905دا، دواتر سەرهەڵدانى شۆڕشی ئۆکتۆبەری1917ـی لێکەوتەوە.
ئەمەش وایکرد کارەکەى مالێڤێچ ببێتە سیمبوڵى سەردەمێکى نوێ، چونکە دەرکەوتنى تابلۆى چوارگۆشەى رەش، شۆڕشگێرانەبوو، کارە هونەرییەکە لای کیوبیست و فیوچەریستەکان، تاقیکردنەوەیی هونەرەکە بوو، بەڵام بۆ بینەری ئاسایی پێشانگەکە، تەواو ئەزموونێکی نوێ بوو.
خاڵی دەستپێک لە نیگارکێشی
ئەم کارە ئەفسووناوییە خاڵی سفر و دەستپێکی وێنەکێشانبوو، ئەمە پوختەی پڕۆژەکەی مالێڤێچ خۆی بوو، هونەرمەندەکە دەربارەی ئەم وەرچەرخانە دەڵێت، "لە سفرەوەیە، لەناو سفردایە، کە بزووتنەوەی راستەقینە دەستپێدەکات، من خۆم لە سفری فۆرمدا گۆڕی و لەهیچەوە سەرمدەرکرد بۆ ئافراندن، واتە بۆ سوپریماتیزم، بۆ ریالیزمی نوێ لە نیگارکێشیدا - بۆ ئافراندنی نەنواندنەوە (non-objective)." بەگوێرەى روانگەی هاوچەرخ بێت، ئەم تێگەیشتنەی "لە هیچەوە/سفرەوە" هاوشێوەی دەستەواژەی "tabula rasa- تەتەڵەی سپی" ـیە کە دەربڕینێکی لاتینیە بەواتای ئەو شوێنەدێت، بیرۆکەی پێشوەختە بوونی نییە، ئەم تێگەیشتنە لەلایەن دادایستەکان لەساڵی 1916 بەتەواوی قبوڵکراوبوو.
مالێڤێچ، باوەڕی وابوو، هونەر بەشێوەیەک بئافرێندرێت تاوەکو بتوانێت "فۆڕمە راستەقینەکانی سروشت،" بنوێنێتەوە و دووبارەیان بکاتەوە.
میراتی چوارگۆشەی رەشی مالێڤێچ
لە کۆتاییەکانی 1920دا، مالێڤێچ دەگەڕێتەوە سەر وێنەکێشانی فیگۆرەتیڤی، هەموو ئەو تابلۆیانەى جووتیار و کرێکارەکانی تێدابوو، بە دانیشتووی ناو جیهانی سوپریماتیزم دەزاندران، واژووی چوارگۆشەیەکی بچووکی رەشیان لەسەر بوو، تەنانەت کاتێ لەساڵی 1935، کۆچیدوایی دەکات، لە وێنەیەکدا، تابلۆیەکی "چوارگۆشەی رەش" لەسەر تابووتەکەی هەڵواسرا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە تاوەکو کۆتاییەکانی ژیانیشی روانگەکانی سوپریماتیزمی لەگەڵدابوو.
زۆرێک لە هونەرمەندان پاڵپشتی سوپریماتیزمیان دەکرد، سەرەڕای ئەوەی بەرانبەر بونیادگەراییش دەوەستایەوە، ئەمەش بزووتنەوەیەکی دیکەبوو، لەگەڵ چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەکانی یەکێتی سۆڤیەت دەگونجا. کاتێک بەهاتنی ستالین ئایدیۆلۆژیاکەیان گۆڕا و ریالیزمی سۆسیالیستی وەکو هونەری فەرمی ناسێندرا، مالێڤێچ و چەند هونەرمەندێکی هاوشێوەی ئەو فەرامۆشکران و ناویان لەناو ناوان دیارنەما.
بەشێوەیەک لەلایەن دەسەڵاتی ستالینییەوە، هونەرمەندە مەزنەکە وەکو فۆڕماڵیستێک هەژمارکرا و تەنانەت بۆ ماوەی دوو مانگ لێپرسینەوەی لێکرا و خرایە زیندانەوە.
لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا، لەلایەن مێژوونوسانی هونەرییەوە، شاکارەکەی مالێڤێچ بووە مایەی چەندین لێکۆڵینەوەی گرنگ، ئێستا ئەم تابلۆیە، بە کاریگەرترین کاری هونەری ئەبستراکتی سەدەی بیستەم دادەندرێت و هاوئاستی شاکارە مەزنەکانی دیکەى، وەکو گۆرنیکای پیکاسۆ و مۆنۆکرۆمی شینی یڤیس کلەین.
تابلۆکە ئێستاش مایەی سەرنجی شارەزایانی بواری هونەری نیگارکیشییە و بە بەڵگەی روانگەی دەرەکاتی کازمیر مالێڤێچی دادەندرێت و لە گەلەرى تریتیاکۆڤەى مۆسکۆ پارێزراوە.
01/10/2023