
عەلی زەیدی بە تۆمەتی قاچاخچێتی نەوت ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی دایە دادگا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ژمارەیەک بەرپرسی دیکەشی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کردووە، کە تەرخانکرابوو بۆ خستنەڕووی ئەنجامەکانی ڕاپۆرتی لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی جرف نەسر (جرف سەخر) لە پارێزگای بابل.
لیژنەکە ڕاپۆرت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی پێشکەش کرد، کە تێیدا ڕاستیی ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە کە لە ڕاپۆرتی ئاژانسی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکاندا هاتبوون سەبارەت بە پرۆسەکانی قاچاخچێتیی نەوت و بوونی پاڵاوگەی نەوتی.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد بە ڕەوانەکردنی سەرجەم تۆمەتبارە تێوەگلاوەکان لە پرۆسەکانی قاچاخچێتیی نەوت بۆ دادگا و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان.
• فەرماندەی پۆلیسی بابل.
• بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری بابل.
• بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ.
• بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە بابل.
• بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل لە وەزارەتی بەرگری.
• بەڕێوەبەری دەزگای موخابەراتی بابل.
• فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل.
• فەرماندەی لیوای شەشی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ.
• بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆریی نەوت لە وەزارەتی نەوت.
عەلی زەیدی فەرمانی کردووە کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکان و بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بەرپرسیارێتیی تەواو هەڵبگرن بەرامبەر هەر حاڵەتێکی قاچاخچێتیی نەوت کە لە سنووری بەرپرسیارێتییاندا ڕوودەدات، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی توندکردنەوەی ڕێکارەکانی چاودێری و ئەمنی بۆ ڕێگریکردن لەم کارانە و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمان، هەروەها دووپاتیکردەوە کە هیچ بستێک لە عێراقدا نامێنێتەوە قاچاخچێتی تێدا بکرێت، لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە وتەکەیدا لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەوڵەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بەرز نرخاند لە ئاشکراکردنی تێوەگلاوان لە دزینی سامانی گشتی، دیاریکردنی بازنەی بەرپرسیارێتی، دەستنیشانکردنی کەمتەرخەم و تێوەگلاوان لە تاوانی قاچاخچێتیی نەوت و ڕاوەدوونانیان بەپێی یاسا.
زەیدی ڕایگەیاندووە، حکومەت پابەندە بە پاراستنی سامانی گشتی، ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت و پووچەڵکردنەوەی سەرجەم هەوڵەکانی یاریکردن بە سامانی نیشتمانی لە سەرتاسەری عێراقدا.
