
عەلى زەیدى سەرپەرشتیى کۆبوونەوەیەکى دەستەى بەڕێوەبردنى قەیرانەکانى کرد.
زەیدى لایەنەکانى ڕاسپاردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر قەیرانێک ئامادەکاریى بکەن.
دیار نییە هۆکارى ئەم داواکارییەى زەیدى ڕێکارێکى ئاسایى حکومەتە یان ئامادەکارییە بۆ پێشهاتى نوێ.
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد ئامادەکاریى بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر قەیران و کارەساتێک و خۆراک و دەرمان دابین بکەن.
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، کارەسات و حاڵەتە نائاساییەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پوختەى پلانى ستراتیجیی نیشتمانى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى قەیران و کارەساتەکان کە لەلایەن ڕاوێژکارێتى ئاسایشى نیشتمانییەوە ئامادە کرابوو، بۆ فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان خرایەڕوو.
لە کۆبوونەوەکەدا عەلى زەیدى جەختی لەسەر گرنگی دابینکردنی تەواوی پێویستییەکانی خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی کردەوە، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێک، چ سروشتی بێت یان مرۆیى.
وەزارەتی داراییشی ڕاسپارد، بودجەی گونجاو لەپێناو دابینکردنی ئەم پێویستییانە تەرخان بکات.
ئەم ئامادەکارییە لە کاتێکدایە، بەهۆى جەنگى ئێرانەوە، عێراق زیانى زۆرى بەرکەوت و بەو هۆیەوە داهاتى نەوتى بە تەواوەتى دابەزى، بەڵام چەند مانگێکە دۆخەکە تاڕادەیەک ئاسایى بووەتەوە، بۆ خۆراک و دەرمانیش عێراق بە زۆریى پشت بە هاوردە دەبەستێت.
