رۆیتەرز: بەشار ئەسەد پلانی هەڵاتنەکەی بە نزیکەکانیشی نەگوتووە
رۆژ لە دوای رۆژ زانیاریی زیاتر دەربارەی هەڵاتنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووى سووریا ئاشکرا دەبێت، لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەسەد هیچ کەسێکی لە پلانی هەڵاتنەکەی ئاگادار نەکردووەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەکە، کە لە سەرچاوەی ئاگادارەوە وەریگرتووە، یاریدەدەرەکانی سەرۆکی پێشووى سووریا و لێپرسراوەکانی، تەنانەت کەسە نزیکەکانیش رووبەڕووی فێڵلێکردن و سەرلێشێواندن بوونەتەوە، لەبارەى هەڵاتی بۆ وڵاتی رووسیا.
ئاژانسەکە لە زاری یاریدەدەرە نزیکەکانییەوە ئاشکرایکردووە، بەشار ئەسەد، بەڕێوەبەری نووسینگە تایبەتەکەی خۆی ئاگادار کردووەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام بە پێچەوانەی قسەکەیەوە روویکردووەتە فڕۆکەخانە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، کاتێک یاریدەدەری بەشار ئەسەد، داوای لە بوسینە شەعبان بەڕێوەبەری نووسینگەکەی کردووە، بێتە ماڵەوە بە مەبەستی نووسینی گوتارێک، ناوبراو چووەتە ماڵەکەی بەڵام هیچ کەسێکی لێ نەبووە.
رۆژی 8ـى کانوونی یەکەم، بەهۆی بەردەوامیی هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و کۆنترۆڵکردنی دیمەشقی پایتەختی سووریا، بەشار ئەسەد دیمەشقی بەرەو رووسیا جێهێشت و تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەیەوە ئاشکرا نەکراوە.
13/12/2024