قۆناغە جیاوازەکانی نەخۆشیی ئاڵزهایمەر

قۆناغە جیاوازەکانی نەخۆشیی ئاڵزهایمەر
قۆناغە جیاوازەکانی نەخۆشیی ئاڵزهایمەر

ئاڵزهایمەر یەکێکە لەو نەخۆشییانەی پەیوەندییان بە ئاگادایی و یادگەی مرۆڤەوە هەیە. نەخۆشییەکە وردە وردە بەرەو خراپتربوون دەچێت و قۆناغەکانی کۆتایی نەخۆشییەکە تەواو جیاوازن لە قۆناغەکانی سەرەتا. گرنگە ئەو کەسانەی توشی نەخۆشییەکە دەبن و کەسە نزیکەکانیان بە وردی نیشانەکان و قۆناغە جیاوازەکانی نەخۆشییەکە بناسنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی دروستتر مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بکەن.

ئاڵزهایمەر کاریگەری لەسەر ئەو ناوچانەی مێشک جێدەهێڵێت کە بەرپرسن لە کۆنترۆڵکردنی یادگە، زمان، رێکخستنی بیرکردنەوە. پاش دەرکەوتنی نەخۆشییەکە، نیشانەکانی بیرچوونەوە، لەدەستدانی توانای بەڕێکردنی کاروباری رۆژانە و جێبەجێکردنی ئەرکەکان دەبێتە ئەرکێکی زە‌حمەت. هەرچەندە نەخۆشییەکە رەنگە لەسەرەتادا بە سوکی دەستپێبکات و کەسەکە هیچ نیشانەیەکی بیرچوونەوەشی نەبێت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا خراپتر دەبێت.

ناسینەوەی زووی نیشانەکانی ئاڵزهایمەر گرنگە. چونکە کاتێکی زیاتر دەدات بە پزیشکی چارەسەرکار، نەخۆش و کەسە نزیکەکانی نەخۆشەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە و رێگریکردن لە خێرا بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە. بە شێوەیەکی گشتی، بە گوێرەی دەرکەوتنی نیشانەکان، قۆناغەکانی نەخۆشییەکە دابەشدەکرێن بەسەر چەند قۆناغێکدا:

  • قۆناغی پێش دەرکەوتنی نیشانەکان
  • قۆناغی دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکان (سەرەتا)
  • قۆناغی مامناوەند
  • قۆناغی کۆتایی (دەرکەوتنی نیشانە توندەکان)

لە ناو ئەم قۆناغە جیاوازانەشدا، دەکرێت نەخۆشیی ئاڵزهایمەر دابەشبکرێت بۆ چەند وردە قۆناغێکی دیکە، کە هەر یەکێکیان کاریگەریی کلینیکی و زیندەیی جیاوازییان لەسەر نەخۆشەکە هەیە و کاریگەرییەکانی دەرکەوتنی نیشانەکان لە نەخۆشەکەدا جیاواز دەردەکەون.

قۆناغی یەکەم: لە قۆناغەکانی سەرەتادا، هیچ نیشانەیەک لە یادگە و میزاجی کەسەکەدا روونادات. ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ لایەنی هزری کەسەکە بکرێت، هیچ نیشانەکانی خڵەفان یان بیرچوونەوە بەدیناکرێت. سەرەڕای ئەمانەش، توێژەران ئەوەیان سەلماندووە کە دەکرێت لە هەندێک نەخۆشدا، ١٥-٢٠ ساڵ بەر لە دەرکەوتنی نیشانەکان، گۆڕانکارییەکان لە مێشکی کەسەکەدا دەربکەون.

قۆناغی دووەم: لەم قۆناغەدا، کەسەکە هەست بە چەند گۆڕانکارییەک لە یادگەیدا دەکات. رەنگە گرفتیان لە بیرکەوتنەوەی ناودا بۆ دروستببێت و نەزانن شتەکانیان لە کوێدا داناوە. ئەم بیرچوونەوانە ئاسایی دەردەکەون و رەنگە لە زۆر کەسدا لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا رووبدەن. لەم قۆناغەدا گرنگە چارەخواز سەردانی پزیشک بکات و بزانێت ئایا مەترسیی توشبوونی بە نەخۆشییەکە هەیە یان نا.

قۆناغی سێیەم: ئەم قۆناغەی نەخۆشییەکە بە لەکارکەوتنی سوکی هزریش دەناسرێت. کەسە نزیکەکانی نەخۆشەکە هەست بە گۆڕانکاری دەکەن لە یادگەی کەسەکەدا. رەنگە کەسەکەش چیدیکە نەتوانێت هاوشێوەی پێشتر ئەو کارانە جێبەجێبکات کە رۆژانە جێبەجێیدەکردن. لەم قۆناغەدا گرنگە پشکنینی وێنەیی مێشک و پشکنینی تاقیگەیی بۆ چارەخواز بکرێت.

قۆناغی چوارەم: ئەمە قۆناغی سەرەتای نەخۆشییەکەیە. نەخۆشییەکە چەند ناوچەیەکی جیاوازی مێشک دەگرێتەوە و کەسەکە گرفتی زیاتری بۆ دروستدەبێت لە زمان، ژماردن و رێکخستندا. گرفتی بیرچوونەوەش زیاتر دەردەکەوێت و گرفتی رۆژانەی زیاتر بۆ چارەخواز دروست دەکات.

قۆناغی پێنجەم: لەم قۆناغەدا، بیرچوونەوە و گرفتە هزرییەکان دەبنە کێشەی سەرەکیی رۆژانەی کەسەکە بە جۆرێک کە پێویستیان بە چاودێریی رۆژانەی ورد دەبێت لە جێبەجێکردنی چالاکییەکانی رۆژانەدا. کەسەکە چیدیکە ناتوانێت بەتەنیا بژی و ئاگای لە خۆی بێت. ئەگەر کەسە نزیکەکانیشی بە وردی چاودێریی نەکەن، رەنگە توشی کەوتن و رووداوی رۆژانە ببێت.

قۆناغی شەشەم: لەم قۆناغەدا، کەسەکە بە هیچ جۆرێک ناتوانێت سادەترین ئەرکەکانی رۆژانەشی جێبەجێبکات. بۆ نموونە ناتوانن بچنە گەرماو و خۆیان بشۆن، توانای گۆڕین و لەبەرکردنی جلەکانیان لەدەستدەدەن و ناتوانن بەتەنیا بچنە تەوالێت. نیشانەکانی بیرچوونەوە توندتر دەبن و رەنگە کەسە نزیکەکانیشیان نەناسنەوە.

قۆناغی حەوتەم: لە قۆناغی کۆتایی نەخۆشییەکەدا، جەستە و هزری کەسەکە بە تەواوی لەکاردەکەون و تەندروستیی هەردوو سیستمەکەی جەستە لەکاردەکەون. رەنگە لەم قۆناغەدا کەسەکە توانای قسەکردنیش لەدەستبدات. توانا جەستەییەکانیش بە جۆرێک تێکدەچن کە رەنگە کاریگەریی لەسەر جوڵەی کەسەکە دروستبکات و رەنگە چاودێریی رۆژانەی ورد پێویست بێت بۆ ئەوەی کەسەکە توشی کەوتن و شکانی ئێسکەکانی نەبێت.