پەنەما: هیچ کەشتییەکی ئەمریکی بەبێ بەرامبەر بە کەناڵی پەنەمادا تێپەڕنابێت

دەسەڵاتی کەناڵی پەنەما رەتیکردەوە رەزامەندیی دابێت لەسەر رێگەدان بە تێپەڕبوونی کەشتییە ئەمریکییەکان  بە کەناڵەکەدا بە بێبەرامبەر.

دەسەڵاتی کەناڵی پەنەما راشیگەیاند: "هیچ گۆڕانکارییەک نەهاتووە بەسەر بڕ و نرخی وەرگرتنی پارە یاخود مافی پەڕینەوە لە کەناڵەکەدا".

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، دەسەڵاتدارانی پەنەما رەزامەندبوون بە تێپەڕبوونی کەشتییە بارهەڵگرەکان بە بێبەرامبەر و ئەم کارەش ساڵانە ملیۆنان دۆلار پاشەکەوت بۆ واشنتن دەگەڕێنێتەوە.

لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ هەڵبژێردراوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو ئێستا، هەڕەشەی وەرگرتنەوەی کەناڵەکە دەکات و تۆمەتباریان دەکات بەوەی هاوسەنگیی بازرگانییان رانەگرتووە و زیاتر رێگەیان بۆ کەشتییە بارهەڵگرەکانی چین کردووەتەوە.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرەتای هەفتەی رابردوو لە چوارچێوەی گەشتێکیدا بە ئەمریکای ناوەڕاستدا لەگەڵ خۆسێ رائول مولینۆی، سەرۆکی پەنەما کۆبووەوە و پاشان سەرۆکی پەنەما رایگەیاند، نزیکن لە رێککەوتن و ئەوەی پێویستبێت، ئەنجامیدەدەن و تەنانەت ناوچەیەکیشی دیاریکرد تاوەکو ئەمریکا بتوانێت لەوێوە کۆچبەرە نایاساییەکانی ئەمریکای لاتین بگەڕێنێتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە رێککەوتن نەکردووە لەبارەی رێگەدان بە تێپەڕاندنی کەشتییەکانی ئەمریکا لە کەناڵەکەوە بە بێ بەرامبەر.

بەگوێرەی کەناڵی پەنەما، ساڵانە 13 بۆ 14 هەزار کەشتیی بارهەڵگر لە کەناڵەکەوە تێدەپەڕن و لەو ژمارەیەش، زیاتر لە پێنج هەزار و 600 کەشتیی بارهەڵگری ئەمریکییە، کە دەکاتە 40٪ـێ کۆی گشتیی سەرجەم کەشتییە تێپەڕبووەکان.