دۆسیەی كۆچبەران "کۆمەڵەی سیاسی"ی یەکێتیی ئەوروپا كۆدەكاتەوە

لۆگۆی کۆبوونەوەکەی گرانادا لە ئیسپانیا فۆتۆ: فرانس پرێس
لۆگۆی کۆبوونەوەکەی گرانادا لە ئیسپانیا فۆتۆ: فرانس پرێس

رۆژی 5ی تشرینی یەکەمی 2023 "کۆمەڵەی سیاسی" نێو یەکێتیی ئەوروپا بۆ جاری سێهەم لە گرانادای ئیسپانیا، بە بەشدارى نوێنەرانى 47 ئەندامى یەکێتییەکە و هاوبەشەکانیان کۆدەبنەوە.
پێنج بابەت تەوەرەى سەرەکیی کۆبوونەوەکەیە "کێشە هاوبەشەکانی نێوان وڵاتان، بەهێزکردنی ئاسایش، سەقامگیریی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی لەچوارچێوەی لەشکرکێشیی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، دۆسێی کۆچبەران کە ماوەیەکە لە دەریای ناوەڕاستەوە زیادیکردووە لەگەڵ فراوانکردنی یەکێتیی ئەوروپا".
هەریەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا و سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، بانگهێشتی کۆبوونەوەکان کراوون.
کۆبوونەوەی 5ی ئۆکتۆبەر، لەنێوان 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و 20 وڵاتی دیکە کە چاویان لەوەیە ببنە ئەندامی یەکێتییەکە، بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوەی 6ی ئەیلوولی 2023 تایبەت دەبێت بە سەرکردەکانی وڵاتانی نێو یەکێتیی ئەوروپا.
بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆبوونەوەکە، زیاد لە حەوت هەزار پۆلیس لە گرانادای باشووری ئیسپانیا بڵاوەیانپێکراوە، جگە لەوەی زیاد لە دوو هەزار و 400 رۆژنامەنووس رووماڵ دەکەن.

مەترسیی کەمبوونەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا

دابینکردنی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا، بابەتێکی سەرەکیى کۆبوونەوەکەیە، هەرچەندە سەرچاوە فەرمییەکانی ئەوروپا خۆیان لە پشتڕاستکردنەوەی ئامادەبوونی ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەدوورگرتووە، بەڵام چەند لایەنێکی ئاگادار رایانگەیاندووە، زێلێنسکی بەشداریی یەکێک لە مێزگردەکانی نێو کۆمەڵەی سیاسیی ئەوروپا دەکات، گوتاریشی دەبێت.
ئەمریکا، بەر لە پەسەندکردنی بودجەی وڵاتەکەی، سیاسەتی سنوردارکردنی خەرجییەکان پەیڕەو دەکات، ئەم رێکارە، رێگە بە سەرۆکی ئەمریکا دەدات، داهات تەنیا بۆ دامەزراوە فیدراڵییەکانی وڵاتەکەی خەرجبکات، ئەوەش دەگرێتەوە کە چیتر نەتوانێت پارە بۆ هاوکاریی ئۆکرانیا دابینبکات. 
لە درەنگانی شەوی 4ی ئۆکتۆبەردا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم رۆژنامەنووسان، دانی بەوەدا نا نیگەرانە لەوەی گێژاوی سیاسیی ئەمریکا دەتوانێت یارمەتییەکانی بۆ ئۆکرانیا پەکبخات.
جۆ بایدن، گوتیشی : "بەڕاستی نیگەرانم دەکات، بەڵام دەزانم زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران، لە هەردوو حزبەکە هەن رایانگەیاندووە پشتگیری لە دابینکردنی بودجەی ئۆکرانیا دەکەن و بەمنزیکانە گوتارێکی گەورە پێشکەشدەکەم بۆ ئەوەی دەریبخەم، بۆچی گرنگە هاوکاری ئۆکرانیا بکەین، جگە لەوەی ئێمە بەردەوامین لە بەدیهێنانی بەڵێنەکەمان بە هاوکاریکردنیان". 
تاوەکو ئێستا، ئەمریکا گەورەترین لایەنگری کیێڤ-ە، بەڵێنی زیاتر لە 43 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی داوە، هاوکات کۆنگرێس بە کۆی گشتی 113 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو وڵاتە پەسەند کردووە.

پرسی کۆچبەر و پەنابەران لەلای یەکێتیی ئەوروپا

4ی تشرینی یەکەم، یەکێتیی ئەوروپا، بەزۆرینەی دەنگ لەسەر پرسی پەنابەر و کۆچبەر رێککەوتن، بەگوێرەی رێککەوتنەکە، وڵاتانی ئەندام بە گۆڕینی یاسای وڵاتەکەیان تایبەت بەپرسی کۆچبەران و پەنابەران، لەکاتی قەیراندا دەستکراوە دەبن.
لە دوای رێککەوتنەکە، ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند : "ئەمە گۆڕانکارییەکی راستەقینەیە کە رێگەمان دەدات بەشێوەیەکی باشتر پەیوەندییەکانمان بەهێز بکەین".
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، وڵاتانی ئەندام کە رووبەڕووی لێشاوی زۆریی کۆچبەران دەبنەوە، دەتوانن رێککارەکان خێراتر بکەن و داوای بەشداری و هاودەنگی لە وڵاتانی دیکەی نێو یەکێتییەکە لەڕووی گواستنەوەی پەنابەران یان یارمەتی دارایی بکەن.
کۆتایی مانگی رابردوو، کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە دوو هەزار و 500 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیانلەدەستداوە، یان بێسەروشوێنبوون.
بەگوێرەى ئامارەکە بێت، ئەمساڵ 186 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە باشووری ئەوروپا و لەو ژمارەیەش 130 هەزاریان چوونەتە ئیتاڵیا.