خەمڵاندنەکان باس لە بوونی 100 پێگەی چەکی کیمیایی لە سووریا دەکەن

یەکێک لە بنکە سەربازییە بۆمبارانکراوەکانی سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە فۆتۆ: AP
یەکێک لە بنکە سەربازییە بۆمبارانکراوەکانی سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە فۆتۆ: AP

بە گوێرەی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، لە دواى رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد زیاتر لە 100 پێگە لە سووریا ئاشکراکراون، کە پێدەچێت پەیوەندییان بە پرۆگرامى ئەتۆمى سووریاوە هەبێت.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، ئەو شوێنانە بۆ پەرەپێدان و لێکۆڵینەوە لە چەکی کیمیایی بەکارهێنراون لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، ئاماژە بەوەشکراوە، پێدەچێت بەشێک لەو پێگانە لە ئەشکەوت و شوێنە شاراوەکانی دیکەدابن، کە دۆزینەوە و دەستنیشانکردنیان سەختە.

بەگوێرەی رێکخراوەکە، ئەو پێگانە چەکی کیمیایی جۆرەکانی سارین و کلۆر و گازی خەردەلیان لەخۆگرتووە.

 چەند شارەزایەک بە رۆژنامەی "نیۆرک تایمز"ی ئەمریکییان راگەیاندووە، نیگەرانی هەیە لەوەی ئەو چەکە قەدەغەکراوانە بکەونە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا.

سووریا لە ساڵی 2013ەوە رەزامەندیی پیشانداوە بۆ دەستبەرداربوون لە چەکی کیمیایی، ئەمەش دوای ئەوە هات، کە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد تۆمەتبارکرا بە بەکارهێنانی چەکە قەدەغەکراوەکە لە ناوچەیەکی نزیک بە دیمەشق، کە بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس، بەڵام راپۆرتەکە ئەوە دەردەخات کە بەشێکی زۆر لەو چەکانەی لە جێگەی پارێزراودا شاراونەتەوە.

ئیسرائیل بەشێک لەو پێگانەی لە سووریا بۆردومانکردووە، کە دەڵێن گوماندەکرێت  چەکی کیمیایی و موشەکی دوورمەودای تێدابن و گوتیان رێگەنادەن ئەو چەکانە بکەونە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا.