وەزارەتی ناوخۆ: دەست بەسەر ماتۆڕسکیلى تۆمارنەکراودا دەگیرێت

وەزارەتی ناوخۆ پابەندی دامەزراندنی کامێراکانی تیژڕەوییە
وەزارەتی ناوخۆ پابەندی دامەزراندنی کامێراکانی تیژڕەوییە

وەزارەتی ناوخۆى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، هەر ماتۆڕسکیلێک تۆمارکراو نەبێت و تابلۆی نەبێت، دەستیبەسەردا دەگیرێت.

دەشڵێت، پابەندی دامەزراندنی کامێراکانی تیژڕەوین لە تەواوی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ سێشەممە8ـی نیسانی 2025، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە سەرپەرشتیی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و لێژنەیەکی باڵای پەرەپێدانی هاتوچۆ کۆبوونەتەوە و تایبەت بووە بە جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ و ژمارەیەک بابەتی گرنگ تاوتوێکراون.

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت؛ هەر ماتۆڕسکیلێک تۆمارکراو نەبێت و تابلۆی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت، هەربۆیە پێویستە ماتۆڕەکان تۆماربکرێن.

هاوکات، وەزارەتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەوان پابەندن بە دامەزراندنی کامێراکانى تیژڕەوی لە هەرێمى کوردستان و پرۆسەکە لە شار و شارۆچکەکان بەردەوامە و داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن، پابەندی خێرایی رێگەپێدراو بن.

وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە سیستمی نوێی راهێنانی شوفێر و ئەو سیستمەیان بە دەستکەوتێکی گرنگ داناوە و لیژنەکانی چاودێریی پرۆسەکەشیان راسپاردووە هاوکاربن و چاودێریی جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەن، وەکو ئەوەی پلانی بۆ دانراوە.