بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال: هێشتا 1%ـى رووفاتى ئەنفالکراوان نەگەڕێندراونەتەوە

هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ
هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ

هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ رایگەیاند، کەمترین کار لەسەر پرسى گۆڕە بەکۆمەڵەکان کراوە لە هەرێمى کوردستان.

دەشڵێت، لەماوەى رابردوودا لە کۆى 182 هەزار هاونیشتمانیی ئەنفالکراو بۆ بیابانەکانى عێراق، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە 1%یان بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان.

هابیل ئەحمەد، بۆ کەناڵ8، ئاماژەى بەوەشکرد، ساڵى رابردوو رووفاتى 172 ئەنفالکراو لە پزیشکی دادوەریی بەغدادەوە، گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

گوتیشى، بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا جارێکى دیکە دەستبە هەڵدانەوەى گۆڕى بە کۆمەڵ بکرێت و سێ گۆڕى دیکەش بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشانکراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ ئاماژەى بەوەشکرد، ساڵى رابردوو گۆڕێکى بەکۆمەڵ هەڵدراوەتەوە و رووفاتى 153 ژن و منداڵى تێدایە و ئێستا لە پزیشکى دادى بەغدادن.

گوتیشى، "دواى ئەنجامدانى پشکنین و رێکارە یاساییەکان، رووفاتەکان لەرێوڕەسمێکدا بۆ هەرێمى کوردستان دەگەڕێندرێنەوە".

بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، بەپێویستیشى دەزانێت حکومەتى عێراق قەرەبووى کەسوکارى ئەنفالکراوان بکاتەوە.

یادەکانی ئەنفال

رۆژی 14ـی نیسان، لە هەرێمی کوردستان ساڵڕۆژی ئەنفالە، لە هەموو کوردستان و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە، بۆ ئەمساڵ یادەکە بەشێوەی فەرمی و سەرەکی لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بەڕێوەدەچێت.

ئەمساڵ چالاکییەکانی یادەکە بۆ ماوەی 10رۆژ بەردەوام دەبن، سەرەکیترین داواکاریی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوانە.

پرۆسەی ئەنفالی باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە لە 23ی شوباتی 1988 بۆ 6ی ئەیلولی 1988 بە حەوت قۆناغ ئەنجامدرا، زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی ئەنفالکران.

زۆرینە هاونیشتمانییە ئەنفالکراوەکان لە دەڤەری گەرمیان بوون. تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 500 رووفاتیان گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.