تای خوێنبەربوون سەریهەڵداوەتەوە، هەموو زانیارییەک لەبارەی نەخۆشییەکەوە بزانە
د. فەرەیدوون عەبدولستار - پزیشکی ڤێتەرنەری
تای خوێنبەربوون دووبارە لە عێراق سەریهەڵداوەتەوە و ماوەی چەند رۆژێکە هەندێک حاڵەتی دەستنیشانکراو و گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک تۆمارکراون و رۆژی 19ـی نیسانیش کارمەندێکی تەندروستیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەرکووک بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستدا.
تای خوێنبەربوون چییە؟
نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و یەکێکە لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان، واتە ئەو نەخۆشییانەی کە بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە ئاژەڵە تووشبووەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵانی دیکە و بۆ مرۆڤ؛ دواتریش لەنێوان مرۆڤەکاندا دەگوازرێتەوە.
تای خوێنبەربوون چەند جۆری هەیە؟
کۆمەڵێک ڤایرۆس هەن کە دەبنەهۆی تای خوێنبەربوون، بۆنموونە ڤایرۆسی دێنگی، ئیبۆلا، کریمیەن کۆنگۆ؛ بەڵام ئەو جۆرەی کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا باوە، جۆری کریمیەن کۆنگۆیە.
کریمیەن کۆنگۆ چۆن سەریهەڵدا؟
یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کریمیەن کۆنگۆ، لە ساڵی 1944، لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە نیمچە دوورگەی کریمیا تۆمارکراوە؛ کە ئەوکات نیشانەکانی نەخۆشییەکە لەنێو نزیکەی 200 سەربازی یەکیێتیی سۆڤیەدا دەرکەوتن. ئەو سەربازانە لەو کاتەدا هاوکاریی جوتیارانی ناوچەکەیان دەکرد لە بەڕێوەبردن و بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان.
دواتر لە ساڵی 1956دا، لە کۆماری کۆنگۆ حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکرا، کە گەنجێکی 13 ساڵان بوو. هەر بۆیە ئەم جۆرەی ڤایرۆسەکە ناونراوە کریمیەن کۆنگۆ.
کەی ئەم ڤایرۆسە گەیشت بە عێراق؟
ساڵی 1979، بۆ یەکەمین جار لە نەخۆشخانەی یەرمووک، لە شاری بەغداد، تای خوێنبەربوون لە خانمێکی تەمەن 24 ساڵدا دەستنیشانکرا؛ لەو خانمەشەوە گوازراوەیە بۆ پزیشک و کارمەندێکی تەندروستی کە راستەوخۆ چاودێریی تەندروستیی چارەخوازەکەیان دەکرد؛ پاشان هەرسێکیان گیانیانلەدەستدا.
هەر لە هەمان ساڵدا لە عێراق حەوت حاڵەتێکی دیکەی نەخۆشییەکە تۆمارکران.
نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1980، لە شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
ئامارەکانی تای خوێنبەربوون لە چەند ساڵی رابردوودا
لە ساڵی 2021ەوە، بەرەبەرە ژمارەی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان روویان لە هەڵکشان کردووە؛ بە جۆرێک لە ساڵی 2021دا 33 حاڵەت تۆمارکراوە و 13یان گیانیانلەدەستداوە. دواتر لە ساڵی 2022دا 167 حاڵەت تۆمارکراون و 27 کەسیان گیانیانلەدەستداوە.
لە ساڵی 2023 لە سەرتاسەری عێراقدا 545 حاڵەت تۆمارکران کە 70ـیان گیانیانلەدەستدا. ساڵی رابردوو 211 حاڵەت تۆمارکران کە 26ـیان گیانیان لەدەستدا.
لەمساڵیشدا تاوەکو 19ـی نیسان، بەگوێرەی گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 14 حاڵەتی تووشبوون و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکە لە عێراق تۆمارکراون. دابەشبوونی حاڵەتەکانیش بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوازەیە:
| پارێزگا | ژمارەی حاڵەت |
| کەرکوک | 4 |
| زیقاڕ | 6 |
| بەغداد | 1 |
| موسەنا | 1 |
| نەینەوا | 1 |
| بەسڕە | 1 |
تای خوێنبەربوون لە کام ئاژەڵانەوە دەگوازرێتەوە؟
بەگشتی تای خوێنبەربوون تووشی پەلەوەر و باڵدارەکان نابێت، بۆیە پێویست ناکات هاونیشتمانییان لە نزیکبوونەوە لەم جۆرە ئاژەڵانە بترسن. بەڵام، بەشێک لە ئاژەڵەکانی دیکە، بۆنموونە مەڕ، بزن، گا و مانگا، ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکە تێیاندا زۆرە.
- گامێش: %50
- وشتر: %29
- مانگا: %22
- بزن: %15
- مەڕ: %14
ئاژەڵەکان چۆن تووشدەبن؟
جۆرێک لە گەنە، کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا زۆرە و پێیدەگوترێت گەنەی هایلۆما، هۆکارە بۆ تووشبوونی ئاژەڵان؛ چونکە دەرکەوتووە کە ڤایرۆسی کریمیەن کۆنگۆ دەتوانێت بۆ ماوەی 700 رۆژ لە جەستەی گەنەکەدا بمێنێتەوە و تاوەکو نزیکەی 10 مانگیش توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەکەی دەبێت بۆ ئاژەڵان.
گەنە، بە دوو شێواز دەبێتەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە. یەکەم، جەستەی گەنەکە وەکو کۆگایەکی زیادبوونی ڤایرۆسەکە کاردەکات. دووەم، گەنەکە دەتوانێت لەڕێگەی گازگرتن لە ئاژەڵان ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە.
نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا چین؟
دوای ئەوەی کەسەکە تووشی ڤایرۆسەکە بوو، نزیکەی 3-10 رۆژ دەخایەنێت تاوەکو نیشانەکانی دەردەکەون. نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە ئەمانەن:
- تایەکی توند
- سەرئێشەی توند
- ئازاری زۆر لە پشت، ناوسک، ئەژنۆ و گشت ماسولکەکانی جەستە
- رشانەوە و سووربوونەوەی چاو
- پەڵەی سووری خوێناوی
- لووتپژان و خوێنبەربوون
رێگەکانی خۆپاراستن
- لەناوبردنی بەردەوامی مشەخۆرە دەرەکییەکان لە وەرزە گەرمەکاندا
- قەدەغەکردنی هێنانی ئاژەڵ لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و وڵاتە دراوسێکان
- مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەتەوە
- رەچاوکردنی مەرجە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەکاندا
- لە جەژنی قورباندا ئاژەڵەکان لە سەربڕینخانە سەرببڕرێن
- هاونیشتمانییان تەنیا لەو گۆشتفرۆشانە گۆشتبکڕن کە رێگەپێدانیان هەیە
19/04/2025