ترەمپ داوا دەکات کەشتييەکانی ئەمريکا بە خۆڕایی بە پەنەما و سوێسدا تێپەڕن
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە کەشتییە ئەمریکییەکان بەخۆڕایی بە کەناڵەکانی پەنەما و سوێسدا تێبپەڕن، گوتيشی، "ئەمريکا نابێت پارە بدات بۆ بەکارهێنانی کەناڵێک کە خۆی دروستيکردووە".
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی تروس سۆشياڵ نووسيويەتی، "پێویستە رێگە بە کەشتییە ئەمریکییەکان بدرێت، بە هەردوو جۆری سەربازی و بازرگانی، بەبێ بەرامبەر لە رێگەی کەناڵەکانی پەنەما و سوێسەوە گەشت بکەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کەناڵانە بەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەدەبوون"، هەروەها ترەمپ مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی راسپاردووە دەستبەجێ ئاگاداری ئەو دۆخە بێت.
مایک واڵز راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمريکا پشتیوانیی لە هەڵوێستەکەی ترەمپ کرد سەبارەت بە کەناڵی پەنەما و گوتی، "ئەمریکا نابێت پارە بدات بۆ بەکارهێنانی کەناڵێک کە خۆى دروستی کردووە".
کەناڵی پەنەما زەریای ئەتڵەسی و زەریای هێمن بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کەناڵی سوێس لە میسڕ دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور بەیەکەوە دەبەستێتەوە و کورتترین رێگای دەرياييە لە نێوان ئەوروپا و زەریای هيندی و رۆژئاوای زەریای هێمندا.
هەردوو کەناڵەکە پارەیەکی زۆری ترانزێت وەردەگرن، کە بەگوێرەی قەبارەی کەشتی و بارەکەی دەگۆڕێت رەنگە بگاتە سەدان هەزار دۆلار.
ئیدارەی ترەمپ کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری چین لەسەر کەناڵی پەنەما، کە ئەمریکا زیاتر لە 120 ساڵ لەمەوبەر دروستیکرد پێش ئەوەی لە ساڵی 1999 کۆنترۆڵی بەندەرەکە بداتە دەست پەنەما، لە مانگی شوباتدا دوای فشارەکانی واشنتن پەنەما لە پێشنيازی رێگای ئاوريشمی چين کشایەوە.
27/04/2025