بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی: قۆناغێکی گرنگمان تێپەڕاند و میکانیزمی پێویست بەگەڕدەخرێن

ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی
ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی

کاردانەوەی ئاکپارتی بەرامبەر بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەردەوامە و ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی گشتیی پارتەکە دەڵێت، "قۆناغێکی زۆر گرنگ لە رێبازی تورکیای بێ تیرۆر تێپەڕێندرا".

ئەفکان ئالا، لەرێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیى ئێکس پەیامێکی لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "قۆناغێکی زۆر گرنگ لە رێبازی تورکیای بێ تیرۆر تێپەڕێندرا و قۆناغێک دەستیپێکردووە، کە تیایدا دەبێت پێکهاتە نایاساییەکان هەڵبوەشێنرێنەوە".

ئەفکان ئالا، کە بەشدارە لەو پرۆسەیەی ئێستا لە ئارادایە و لە پرۆسەی پێشووی چارەسەریشدا بەشدار بووە و دەشڵێت، "لەو قۆناغە گرنگەی ئێستا پێیگەیشتووین، میکانیزمەکانی پەیوەست بە کارەکان و بەڕێوەبردنی پرۆسەکە، بەوشێوەیەی پێویست بێت بەگەڕدەخرێن".

ئەفکان ئالا ئەوەش دەڵێت، بە مکوڕی بەرەو ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر هەنگاو دەهاوێژن.