سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای کرماشانی کرد
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی سەردانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و بڕیارە ژمارەیەک پرۆژەبکاتەوە.
لەبارەی سەردانەکەوە مەنوچەر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان رایگەیاندووە، سەرۆککۆمار دوو رۆژ لە پارێزگاکە دەمێنێتەوە،لەگەڵ بەرپرسان و خەڵکی پارێزگاکە کۆدەبێتەوە.
حەبیبی گوتیشى، پزیشکیان لە سەردانەکەیدا بڕیارە چوار پرۆژەی گرنگ بە بەهای حەوت تریلیۆن تمەن بکاتەوە و 12ـی یاداشتنامەی ئابووریش بە بەهای 100 تریلیۆن تمەن واژۆ بکات.
پێشتریش محەمەد جەعفەر قائیم پەنا، یاریدەدەری کارگێڕی و سەرپەرشتیاری دامەزراوەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران رایگەیاندبوو، پزیشکیان لە سەردانەکەیدا چاوی بە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان و خەڵکەکەی دەکەوێت و لەبارەى دۆخی ئابووری، بێکاری، کێشە و خزمەتگوزارییەکان گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات.
حەبیبی، سەردانەکەی سەرۆککۆمار بە دەرفەتێک بۆ چارەسەری کێشەی پرۆژە تەواونەکراوەکان و بێکاری و خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە دەزانێت.
پاش دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆککۆماری ئێران، یەکەمجارە مەسعود پزیشکیان، سەردانی پارێزگا کوردییەکان بکات.
14/05/2025