ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکانی فۆڕێکسی داخست

فەرمانگەى میدیا و زانیاریى سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە بڕیارێكی نوێدا، وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ داخستنی كۆمپانیاكانی دراوی ئەلیكترۆنی و دراوە دیجیتاڵییەكان راسپێردراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، لە نووسراوێکى سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە (6640) لە 27ـی ئایاردا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمى کوردستان راسپێردراوە، بە پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ داخستنى کۆمپانیاکانى دراوە ئەلیکترۆنییەکان.

نووسراوەکەى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ داخستنى کۆمپانیاکانى دراوە ئەلیکترۆنییەکان (فۆرێکس) پشتى بەستووە بە رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق، تایبەت بە قەدەغەكردنی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی و دراوە دیجیتاڵییەكان، بڕیارەکە هەموو ئەو كۆمپانیایانە دەگرێتەوە لەو بوارەدا لەژێر ناوی جۆراوجۆردا كار دەكەن.

بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ئاسایشى هەولێر، مامەڵەکردنى بە دراوى ئەلیکترۆنى قەدەغە کرد و رایگەیاند، کۆمپانیاکانى فۆرێکس و دراوى ئەلیکترۆنى رێگەپێدراو نین.

ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى ئابووریى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ئاسایشى هەولێر لە نووسراوێکدا ئاگادارى هاونیشتمانییانى کردەوە مامەڵەکردن بە هەموو جۆرەکانى دراوى ئەلیکترۆنى و کانزایی "فۆرێکس و یو ئێس دى تى" قەدەغەیە.

سەرەتای مانگی نیسانی رابردووش، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، کۆمپانیاکانى فۆرێکس و دراوى ئەلیکترۆنى لە هەرێمى کوردستان و عێراق رێگەپێدراو نین و مۆڵەتى فەرمییان نییە.

بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ئاسایشى هەولێر، ئەوەشى خستەڕوو، بەگوێرەى بڕیار و رێنماییەکانى بانکى ناوەندیی عێراق و وەزارەتەکانى دارایى هەرێمى کوردستان و عێراق دراوە ئەلیکترۆنییەکان رێگەپێدراو نین و هیچ یاسا و رێنماییەک بۆ رێکخستنى ئەو جۆرە چالاکییانە نییە.

ئاسایشى هەولێر، هۆکارى بڵاوکردنەوەى نووسراوەکەى بۆ ئەوە گەڕاندەوە، چەندین سکاڵاى لە هاونیشتمانییانەوە پێگەیشتووە، کە لە رێگەى "کۆمپانیا و برۆکەرەکانەوە" زیانیان کردووە.