"دەلتا فۆرس" هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا چییە؟

دەلتا فۆرس هێزی هەڵبژاردەی ئەمریکا  فۆتۆ گوگڵ
دەلتا فۆرس هێزی هەڵبژاردەی ئەمریکا فۆتۆ گوگڵ

هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بەگوێرەی ئەوەی هێزی بژاردەی سوپای ئەمریکان، لە وەرگرتنی ئەندامەکانییەوە تاوەکو ئۆپراسیۆنەکانی، هەمووی بەنهێنی بەرێوەدەچێت.

دەلتا فۆرس، یان هێزەتایبەتەکانی ئەمریکا، یەکەیەکی سەربازیی شەڕکەری تایبەتی ئەمریکایە، زۆربەی کار و چالاکییەکانی بەنهێنی بەڕێوەدەچێت، کاری ئەم هێزە لەبنەڕەتەوە رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر"، رزگارکردنی بە بارمتەگیراوەکان، دەستوەردانی بەپەلە و کتوپڕ، بەزۆری پشت بە گواستنەوە و دابەزین لە ئاسمانەوە دەبەستێت، بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی، ئەندامەکانی ئەم هێزە واناسراوون، خاوەن توانا و شارەزایی و لێوەشاوەیەکی بەرزن.

میدیای ئەمریکا بە "یەکەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکان" ناویدەبات، ناوبانگبوونی دەگەڕێتەوە بۆ بەشداربوونی، لە چەند ئۆپراسیۆنێکی تایبەت، کە لە تەوەرەی سەرکەوتن و شکستدا دەسوڕێتەوە، بە تایبەت لە وڵاتی سۆماڵ و دۆسیەی ئازادکردنی بەبارمتەگیراوەکانی ئەمریکا لە تاران.

مێژووی سەرهەڵدانی هێزی دەلتا فۆرس

مێژووی پێکهێنانی هێزەکانی دەلتا فۆرس، دەگەڕێتەوە بۆ 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 1977، پاش چەند رووداوێکی "تیرۆریستی"، لە سەرەتای ساڵی حەفتاکاندا، پانتاییەکی فراوانی میدیای ئەو سەردەمەیان داپۆشی و روماڵکران.

لەسەر بنەمای ئەوەش، چارلی بیکۆس، ئەفسەر لە هێزە تایبەتەکانی پیادەی سوپای ئەمریکا ناسراو بە  (Green berets)، دوای شارەزاییەکانی جەنگی  ڤێتنام، بە سوودوەرگرتن لە هێزی تایبەتی سوپای بەریتانیا، ناسراو بە (خزمەتگوزاری ئاسمانی تایبەتی بەریتانیا-SAS)، بە تایبەت دوای ئاڵۆگۆڕکردنی پسۆڕییەکان لە نێوان سوپای ئەمریکا و بەریتانیا، بۆ گەشەپێدانی یەکەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری ئەمریکا، بیرۆکەی دامەزراندنی ئەو هێزە هاتەپێشەوە.

ئامانج لە پێکهێنانی یەکەیەکی تایبەت لەو بیرۆکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە پشتیدەبەست بە دروستکردنی تیمی بچووک بچووک و سەربەخۆ، کە توانای خۆگونجاندنیان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی شارەزایی و لێهاتوویی تایبەت بن، بۆ کارکردنی راستەوخۆ و جێبەجێکردنی ئەرکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

دیارترین ئەرکەکانی هێزی دەلتا فۆرس

ئەرکە سەرەکییەکانی دەلتا فۆرس، بەدیاریکراوی بریتین لە ئۆپراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، رزگارکردنی بەبارمتەگیراوەکان، دەستوەردانی خێرا، تێکهەڵچوونی راستەوخۆ، ئۆپراسیۆنی چاودێریی و نهێنی، بۆ پاراستنی ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ناوی فەرمی هێزەكە بە زمانی ئینگلیزی (The Special Forces Operational Detachment-Delta (1st SFOD-D),1)، ناوی نهێنی هێزەکە (the Unite).

بارەگای سەرەکی هێزەکە لە فۆرد براگ، لە ویلایەتی کارۆلینای باکوورە.

پەیکەری سەرەکی هێزی دەلتا فۆرس لە سێ کەرت پێکهاتووە:

 یەکەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا (United States Special Operations Command).

یەکەی ئۆپراسۆنە تایبەتە هاوبەشەکان (Joint Special Operations Command).

یەکەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا (United States Army Special Operations Command).

یەکەی پەرەشوتەوانی هێزی دەلتا فۆرس. فۆتۆ: گوگڵ

لەرووی رێکخستنەوە، لەژێر چاودێریی و فەرمانی سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکادایە، بەڵام لەلایەن سەرکردایەتی یەکەی ئۆپراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکانەوە کۆنترۆڵ و ئاراستە دەکرێت.

تا ئەم ساتەش وردەکارییە تایبەتەکانی نوێنەرایەتی و بەش و ئۆپراسیۆنەکانی بۆ جەماوەر ئاشکرا نییە، بەگوێرەی نووسراوی ناوخۆیی هێزەکانی دەلتا، کە لەلایەن (ئیرک هانی) یەکێک لە سەرکردە خانەنشینکراوەکانییەوە ئاشکراکراوە لە کتێبەکەیدا بەناوی (لەناو هێزی دەلتاوە)، ژمارەیان دەگاتە 800 هەزار کەس.

مەرجی پەیوەندیکردن بە هێزی دەلتا فۆرس

زۆربەی هەرە زۆری سەربازەکانی ناو هێزی دەلتا فۆرس، لەکۆمەڵەی هێزە تایبەتەکانی تری ئەمریکاوە وەردەگیرێن، رێژەیەکی زۆر کەمیشیان لە فەوجی (رێنجەر 75) و، یەکەکانی تری سوپای ئەمریکاوە وەردەگیرێن.

مەرجی پەیوەندییکردن بە هێزی دەلتا فۆرس بەو توانا و تایبەتمەندییەوە، تەنها رەگەزی نێر وەردەگرێت، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە، بۆ ماوەی شەش مانگ، دەخرێنە ژێر راهێنانی وەرزشی و جەنگی و لۆجستی تایبەتەوە.

سەرجەم راهێنانەکان پشتدەبەستن بە رووبەڕووبوونەوەی سیناریۆ و چارەنووسی مەترسیدار، یەکێک لەمەرجە سەرەکییەکانی دیکەش دەبێت، کەسەکە زمانێکی بێگانەی وەک، عەرەبی، فەرەنسی، عیبری، ئوردو، بزانێت.

ئیریک هانی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێکردووە، دیارترین ئەو راهێنانەی ئەندامانی هێزەکانی دەلتا فۆرس ئەنجامیدەدەن، بریتین لە پاراستن، ئامێر و ئامرازەکانی سیخوڕیکردن، پسپۆڕی لە تەقەکردن بەشێوەیەکی رەها، دروستکردنی تەقەمەنی، شارەزایی تەواو لە کەشی رزگاکردنی بەبارمتەگیراوەکان، تێکهەڵچوون لەگەڵ (تیرۆریستان) لە باڵەخانە و فڕۆکە رفێندراوەکان بە گولـلەی راستەقینە، تەنانەت لەو کاتانەش کە هاوڕێکانی خۆیان رۆڵی بارمتەگیراوی تێدا دەبینن.

جگە لەوەش لەناوخۆی هێزی دەلتا فۆرس، راهێنان بە یەکەی تایبەت دەکرێت لەسەر سیناریۆی جیاجیای وەک، خۆهەڵدان بە پەرەشوت لە ناوچە نزمەکان، مەلەکردن لە قوڵایی ئاو بە ئامێری مەلەکردن.

دیارترین ئەو ئۆپراسیۆنانەی دەلتا فۆرس بەشداری تیادا کردووە

هێزی دەلتا فۆرس بەشداریی کردووە لە چەندین هێرش و ئۆپراسیۆنی تایبەت لە چەندین ناوچەی جیاجیای جیهان، لە دیارترینیان ئۆپراسیۆنی (چنگی هەڵۆ)ی ساڵی 1980، بۆ رزگارکردنی بە بارمتەگیراوەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، کە لە کۆتایی ئۆپراسیۆنەکە رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە.

بەسەرکەوتوویی بەشداریکردووە لە ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی (گرینادا) لەساڵی 1983، هەروەها كۆنترۆڵكردنی پەنەما لە ساڵی 1989 و دەستگیرکردنی مانوێل نورییگای سەرۆکی ئەو وڵاتە، جگە لەوەش هاوکاریکردنی هێزەکانی حکومەتی کۆڵۆمبیا، لە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی (بابلۆ ئیسکۆبار) بازرگانی دیاری ماددەهۆشبەرەکان، لە ساڵی 1993.

هێزی دەلتا بە هەمان شێوە بەشداریکردووە لە جەنگی رزگارکردنی کوەیت لە دەستی سوپای عێراق لە ساڵی 1991، کە بە (گەردەلوولی بیابان) ناسراوە، بەشداریکردووە لە ئۆپراسیۆنی مەگادیشۆ، بە ئامانجی دەستگیرکردنی ژەنەڕاڵ  محەمەد فارح عیدید، سەرۆکی سۆماڵ لە ساڵی 1993، بەڵام لەو ئۆپراسیۆنەدا رووبەڕووی شکستێکی قورس بووەوە، دوای ئەوەی 18 کەس لە ئەندامەکانی کوژران و 73 ئەندامیشی بریندار کران، یەکێک لە ئەندامەکانیشی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سۆماڵەوە دەستگیرکرا.

یەکەیەکی هێزی دەلتا فۆرس، بەشداریکردووە لە جەنگی داگیرکردنی ئەفغانستان لەساڵی 2001 و، جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی (تۆرا بۆرا) لەو وڵاتە لە هەمان ساڵدا، دواتریش پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 و شەڕەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق لەساڵی 2011.

هەر لە عێراق، دەلتا فۆرس بەشداریکردووە، لە ئۆپراسیۆنی ( بەرەبەیانی سوور) لە کانوونی یەکەمی 2003، بۆ دەستگیرکردنی سەدام حسێن سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق، بە هەمان شێوە بەشداریکردووە لە ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی (روی هیلمز) بەڵێندەری ئەمریکا لە ئەیلوولی ساڵی 2005 لە عێراق، دوای ئەوەی ماوەی 311 رۆژ بوو بێسەروشوێن بوو.

لە وڵاتی لیبیا بەشداریکردووە، لە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی (ئەبو ئەنس لیبی) لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2013، کە ئەمریکا بۆچوونی وابوو، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی رێکخراوی قاعیدە.

لەچوارچێوەی هەوڵەکانیش بۆ رزگارکردنی بەبارمتەگیراوەکانی غەززە، کە لە رۆژی 7ی ئەم مانگە لەکاتی هێرشەکەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس فڕاندوونی بۆ کەرتی غەززە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکەیەکی تایبەتی لە هێزەکانی دەلتا فۆرس رەوانەی ئیسرائیل کردووە، ئەرکی هەرە سەرەکی رزگارکردنی بەبارمتەگیراوەکان دەبێت.

لەو بارەیەوە پاتریک رایدەر گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، هێزی تایبەتی ئەمریکا، بۆ ئازادکردنی بەبارمتەگیراوەکان گەیشتووەتە ئیسرائیل.

هێزی دەلتا فۆرس، بەشداریدەکات لەگەڵ هێزە هاوشێوەکانی لە وڵاتانی دیکە، بە تایبەت لەو ئۆپراسیۆنانەی کە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی تایبەت رادەستپێردرێت، وەک هێزەکانی خزمەتگوزاری تایبەتی بەریتانیا ناسراو بە (SAS)، گرووپی دەرەکی نیشتیمانی بۆ دەستوەردانی خێرا لە فەڕەنسا ناسراو بە (GIGN)، هێزە تایبەتەکانی ئەڵمانیا ناسراو بە (KSK)، هێزە تایبەتەکانی ئوسترالیا (SASR)، هێزە تایبەتەکانی کەنەدا (JTF2) ، هێزە تایبەتەکانی پۆڵەندا (GROM JW)، یەکەی هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل ناسراو بە (سیرت مەتکال- SAYERET MATKAL).

ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێک لە لایەن هێزی دەلتا فۆرس. فۆتۆ: گوگڵ