ترەمپ و زێلێنسکی پەیوەندیی تەلەفۆنییان کرد

ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، رێککەوتوون لەسەر پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا.

زێلێنسکی، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ ئەمریکا هەماهەنگی دەکەن بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی لە هێرشەکانی رووسیا.

هەروەها ئاندری یەرماک، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و گفتوگۆکانیان زۆر گرنگ و واتادار بووە.

ئەوە لەکاتێدایە، رۆژى پێنجشەممە، ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا کرد، دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ترەمپ بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، گفتوگۆکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا هیچ بەرەوپێشچوونێکی لە پرسی ئاگربەست و راگرتنی جەنگی ئۆکرانیا نەهێناوەتە ئاراوە.

ترەمپ ئاشکراشیکرد، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیان دوورودرێژ بووە و باسی زۆر بابەتی گرنگیان کردووە لەنێوایاندا پرسی ئێران و جەنگی ئۆکرانیا، بەڵام دڵخۆش نەبووە بە ئەنجامی گفتوگۆکەیان.