شیروان میرزا: عێراق دەیەوێت دەست بەسەر دۆسییەی نەوتدا بگرێت

شیروان میرزا، ئەندامی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
شیروان میرزا، ئەندامی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەندامێکی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، عێراق نایشارێتەوە دەیەوێت دەست بەسەر دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا بگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سێ بۆ چوارساڵە کاری بۆ دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان نایەوێت نەوت بەتەواوی رادەست بکات، چونکە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت.

شیروان میرزا، ئەندامی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمیانی بەشداری لە گەشتی هەواڵەکانی کەناڵ8 گوتی؛ لەم دۆخەی ئێستادا کە نزیکەی دوو مانگە مووچە لە هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە، پێویستە هەردوولا بگەنە لێتێگەیشتن تاوەکو یاسای نەوت و گاز دەردەچێت، کە بەشێکی زۆری کێشەکانی پرسی نەوت چارەسەردەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق لەسەر پرسی نەوت رێکبکەوێت، چونکە بەگوێرەی لێکدانەوەکان، حکومەتی عێراقی بۆ ساڵی داهاتووش یاسای بودجەی نابێت و هەمان یاسای 2025 پەیڕەو بکات.

هاوکات ئەو ئەندامەی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، تاوەکو ئێستا هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی نەوت نەگەیشتوونەتە رێککەوتنە چونکە هەرێمی کوردستان داوای 65 هەزار بەرمیل نەوت دەکات بۆ پێداویستیی ناوخۆ، بەڵام بەغداد دەڵێت؛ تەنیا 48 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکەن.