هۆکارەکانی دروستبوونی ناسۆری کلێنچکە چین؟

گران جاف 10/07/2025
 د. سەعدون عومەر فەقێ محەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی
د. سەعدون عومەر فەقێ محەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. سەعدون عومەر فەقێ محەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، باسی لە ناسۆری کلێنچکە کرد و هۆکارەکانی تووشبوونی خستەڕوو.

ناسۆری کلێنچکە واتە ناسۆری بەشی خوارەوەی پشت و لە 100 هەزار کەس نزیکەی 26 کەس تووشی دەبن، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی توێژینەوەی پێویست و بەردەستنەبوونی ئامار، تاوەکو ئێستا نازانرێت رێژەی تووشبوون چەندە.

بە گشتی پیاوان زیاتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، واتە پیاوان سێ بۆ چوار هێندەی خانمان تووشی دەبن.

هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بەم حاڵەتە بریتییەلە موو، بە جۆرێک مووی بەشی خوارەوەی پشت کونێک لە پێستەکەدا دروستدەکات و دەچێتە ناو پێستەکەوە، یان ئەم مووانە لەڕێگەی چەند کونێکەوە راڕەو دروستدەکەن، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی زەرداو و خوێناوی ئەو ناوچەیە و کەسەکە ناڕەحەت دەکات.

ناسۆری کلێنچکە زیاتر لەو کەسانەدا دروستدەبێت کە قەڵەون، پاکوخاوێنی ئەو ناوچەیە بەباشی راناگرن، یان مووی زۆریان هەیە، ئەو کەسانەشی کە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 40 ساڵیدایە زیاتر تووش دەبن.

بۆ رێگریکردن لە تووشبوون، پێویستە دڵنیاببنەوە لە پاکوخاوێنی خوارەوە پشت و مووی ئەو ناوچەیە بە رێگەی لەیزەر لاببرێت.

سەبارەت بە چارەسەرەکان، پزیشکەکە باسی لەوەکرد کە ئەگەر ناسۆرەکە هەوینەکردبوو یان دومەڵی دروستنەکردبوو، راستەوخۆ دەکرێت لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە چارەسەربکرێت، بەڵام ئەگەر هەویکردبوو، سەرەتا پێویستە هەوکردنەکە چارەسەر بکرێت پاشان نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.

پێشتر نەشتەرگەرییەکە لەڕێگەی هەڵکۆڵینەوە دەکرا، بەڵام ئێستا لەڕێگەی لەیزەرەوەدەکرێت و ناڕەحەتی، ئازار، و خوێنی کەمترە، هاوکات پاککردنەوەشی ئاسانترە.

گران جاف

10/07/2025