تیمێکى نێودەوڵەتى سامپڵى خوێن لە کەسوکارى ئەنفالکراوان وەردەگرێت
هەڵمەتی سێیەمی وەرگرتنی نمونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لەمۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ کۆتاییهات، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتەکەش ئاشکرایدەکات تاوەکو ئێستا نمونەی خوێن لە سێ هەزار هاونیشتمانیی کەسوکاری ئەنفالکراوان وەرگیراوە.
لەمیانی بەشداریکردنی لەگەشتی هەواڵەکانی کەناڵ8، هابیل حاجی ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ رایگەیاند، هەڵمەتەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوامبوو، تیمێکی پزیشکیی دادیی بەغداد و بەشی پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لەدەزگای شەهیدانی عیراق بەهەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ونبووەکان سەرپەرشتیی هەڵمەتەکەیان کرد.
گوتیشی، ئامانجی هەڵمەتەکە بەراوردکردنی نمونەی خوێنی کەسوکاری ئەنفالکراوانە بە رووفاتی ئەنفالکراوەکان و پێشبینیشدەکات، لەماوەیەکی نزیکدا ئەو بەراوردە بکرێت و روفاتەکان بناسرێنەوە.
10/07/2025