سەباح سوبحی: سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتى لیژنەى شەش وەزارەتەکە دەخرێتەڕوو
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز رایگەیاند، سبەی لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق راپۆرتى لیژنەى شەش وەزارەتەکە دەخرێتەڕوو تاوەکو چارەسەری بنەڕەتی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە.
لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی، سەباح سوبحی بۆ کەناڵ8 رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و گاز بە ئامادەبوونی وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری نەوت گەشبینبووە و زۆرێک لە خاڵە ناکۆکەکان (دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار و گرێبەستی کۆمپانیاکان) رێککەوتنیان لەسەرکراوە.
گوتیشی؛ یەک خاڵى سەرەکى ماوە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد بۆ رێککەوتن لەسەری، ئەویش پێداویستیی ناوخۆییە، کە ئەویش دەتوانرێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لێکنزیکبوونەوەی باش هەیە، پرسی نەوت گرنگترین خاڵی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدادە و بەرێککەوتن ئەو کێشەیەش نامێنێت، کە حکومەتى هەرێمی کوردستان بۆچى نەوت رادەست ناکات، لەبارەی داهاتی نانەوتیشەوە گوتی، "ئەو بابەتە چارەسەر بووە".
لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشەوە، سەباح سوبحی گوتی؛ لەگەڵ وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، باسی کێشە ناوخۆییەکان کراوە.
14/07/2025