جەمیل بایک: پێویستە بە تەواوی گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت
هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت، ئەو هەنگاوانەی پێویستبوون ناویانە و تاوەکو دەوڵەت هەنگاو نەنێت هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێن و قسە سەپاندنیش بەسەریاندا قبوڵ ناکەن، دەشڵێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ تورکیا پێویستە گرەنتی یاساییان پێبدرێت.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی یەنی یاشام رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا کەمێک لە گۆشەگیرییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانی کەمکردووەتەوە، کەچی دەیەوێت وەهای نیشانبدات کە گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان هەڵگرتووە.
گوتیشی، بۆ ئەوەی هەنگاوی نوێ بنرێت، پێویستە کۆتایی بە سیستمی ئیمراڵی بهێنرێت و رەوشی ئۆجەلان باشبکرێت.
بایک مەرجەکانی هەنگاوی نوێی بزووتنەوەکەیانی ئاشکراکرد و گوتی، "ئازادکردنی ئۆجەلان بە یاسا، دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، پێویستی بە دەرکردنی چەند یاسایەک هەیە لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی، ئەگەر ئەو هەنگاوانە نران ئەو کاتە دەکرێت ئێمەش هەنگاوی نوێ بنێین".
جەمیل بایک رەتیدەکاتەوە هەنگاوی دیکە بنێن و دەڵێت، "ناتوانین تاوەکو کۆتایی هەنگاوی یەکلایەنە بنێین و کەس ناتوانێت داوای هەنگاوی یەکلایەنەمان لێبکات، ئێمە هەنگاوی پێویستمان ناوە و کاتی ئەوەیە دەوڵەت هەنگاو بنێت، هەنگاونانی یەکلایەنە لەلایەن ئێمەوە کۆتاییهاتووە و ئەوەی ماوە هەنگاونانی دەوڵەت و حکومەتی تورکیایە و ئێمە چاوەڕێی دەوڵەتین".
بایک جەخت لەوە دەکاتەوە، قسە سەپاندن بەسەریاندا قبوڵ ناکەن و بەگوێرەی ئامانجەکانی خۆیان رەفتار دەکەن.
گوتیشی، "ئۆجەلان داخوازی پێشکەشکردین و ئێمەش جێبەجێمانکرد، ئەگەر هەنگاوێک نرا خزمەت بە هەنگاوەکانی ئێمە بکات ئەو کاتە ئێمەش هەنگاوی دیکە دەنێین، ئەگەرنا با هەمووان بزانن هەرگیز قسە سەپاندن قبوڵ ناکەین".
جەمیل بایک رەخنەی لە ناونانی پرۆسەکە بە "تورکیای بێ تیرۆر" لەلایەن دەوڵەتەوە گرت و گوتی، ئەگەر دەیانەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکەن، پێویستە ناو لە پرۆسەکە بنێن نەک باسی کۆتاییهێنان بە تیرۆر بکەن.
بایک رەخنەی لە گوتەکانی ئەردۆغان لە پاش سووتاندنی چەک لەلایەن پەکەکەوە گرت و گوتی، ئەردۆغان لە وتارەکەیدا لایەنەکانی دیکەی خستە دەرەوەی پرۆسەکە و جگە لە کورد، تورک و عەرەب، باسی لە گەلانی دیکە نەکرد.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەبارەی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دروستبکرێت گوتی، لەگەڵ ئەوەی لیژنەکە کار لەسەر چەکدانانی پەکەکە دەکات و ئامادەکاریی بۆ دەرکردنی یاسا دەکات، بەڵام رێک لەم کاتەدا ئۆپراسیۆنەکان بۆ سەر جەهەپە بەردەوامن، لایەنێک بەدوای چارەسەردا بگەڕێت کاری لەو جۆرە ناکات، ئەوە واتای ئەوەیە چارەسەریان ناوێت.
بایک لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی سەر جەهەپە ئاماژەی بەوەکرد، بە ئۆپراسیۆنەکانی سەر جەهەپە هەوڵ دەدەرێت جەهەپە، هێزە چەپ و دیموکرتیخوزاەکان بدەن بە گژ کورد و ئۆجەلاندا و بەوجۆرەش کورد و ئۆجەلان تەنیا بکەن.
جەمیل بایک لەبارەی داواکارییە یاساییەکانیان گوتی، "پێویستە یاسای ئازادیخوازانە دەبکرێت و کار بۆ دەستوورێکی دیموکراسییانە بکرێت، چونکە ئێمە ناچینە خزمەت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش، کێ لەگەڵ دیموکراسییەتدا بێت ئێمە لەگەڵ ئەودا مامەڵە دەکەین".
بایک لەبارەی چەک سووتاندن و بەشداریی سیاسی لە تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، "ئیمە چەکمان بۆ ئەوە سووتاند جیهان لە چەک رزگار بکەین، ئێمە دەمانەوێت بچینە تورکیا و بەشداری لە سیاسەتی دیموکراسییانەدا بکەین، بۆ ئەوەی بچینەوە بۆ تورکیا، پێویستە گۆڕانکاریی یاسایی بکرێت و دڵنیایی تەواومان پێبدرێت".
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا باس لە لێبوردنی گشتی لە تورکیا کرا. هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە خواستی خۆیانی بۆ لێبووردنی گشتی رەتکردەوە و گوتی، "ئێمە دەمانەوێت یاساکانی سەر ئۆجەلان بگۆڕدرێن و رێگە بە هەرکەسێک بدرێت سەردانی بکات ، یاسا نادیموکراسییەکان بگۆڕدرێن، ئەگەر ئەو هەنگاوانە نران ئێمەش لە چوارچێوەی نەخشەڕێگەی ئۆجەلان هەنگاو دەنێین".
24/07/2025