دەرچوونی شان چۆن چارەسەر بکرێت؟

گران جاف 27/07/2025
پرۆفیسۆر د. لاس حەوێزی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکاو
پرۆفیسۆر د. لاس حەوێزی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکاو

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، پرۆفیسۆر د. لاس حەوێزی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکاوی، باسی لە هۆکارەکانی دەرچوونی شان کرد و چارەسەرەکانیشی خستەڕوو.

 سەرەتا پسپۆڕەکە باسی لە جۆرەکانی دەرچوونی شان کرد و گوتی "دەرچوونی شان دوو جۆرە، دەرچوونی پێشەوە کە لە ئەنجامی کەوتنێکی ئاسایی، یان بەسەر دەستدا کەوتنێک روودەدات، دەرچوونی پشتەوە کە جۆرێکی توندترە لە ئەنجامی رووداوی هاتوچۆ یان گەشکە روودەدات".

پسپۆڕەکە باسی لەوەش کرد کە ئەگەر کەسێک شانی دەرچوو، پێویستە دەستبەجێ چارەسەری پێویست وەربگرێت و نەچێت بۆلای کەسانی ناشارەزا، چونکە زۆرجار ئەم کەسە ناشارەزایانە وادەکەن چارەخوازەکە لەسەر شێوازی ژیانی ئاسایی خۆی بەردەوام بێت و دۆخی زۆر خراپتر ببێت.

لەم کاتانەدا پێویستە کەسەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، پشکنینی بۆ بکات و دڵنیاببێتەوە لەوەی کە شاندەرچوونەکە شکانی ئێسکی لەگەڵ نییە (ئەگەر شکانی ئێسکی لەگەڵ بێت، چارەسەرەکە دەگۆڕێت و پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت)، پاشان پێویستە ئەو قۆڵە بە تەواوی جێگیر بکرێت و بۆ ماوەی سێ هەفتە بە هیچ جۆرێک نەجوڵێت، چونکە کاتێک کەسێک شانی دەردەچێت، کەپسولی جومگەی شانی دەدڕێت و کاتی پێویستدەبێت بۆ چاکبوونەوە یەکگرتنەوە.

پاش سێ هەفتە لە جێگیرکردن، پێویستە کەسەکە بۆ ماوەی نزیکەی شەش هەفتە بە بەردەوامی چارەسەری سروشتیی وەربگرێت، بەم شێوازە شانی کەسەکە ئاسایی دەبێتەوە.

لەو کەسانەی ئەم رێگە دروستە ناگرنەبەر، کەپسولی شانیان نایەتەوە جێگەی خۆی یان چەندین گرفتی دیکەیان بۆ دروستدەبێت، وەکو دەرچوونی شانی بەردەوام.

واتە ئەگەر کەسەکە دووبارە بکەوێت یان شانی بەر شتێک بکەوێت، دیسان شانی دەردەچێت، یان لەوانەیە لەگەڵ هەندێک جوڵەی زۆر ئاساییدا شانی دەربچێت و هەر خۆی بیخاتەوە جێی خۆی.

"ئەگەر چارەخواز هەر لە سەرەتاوە چارەسەری زانستی و پێویستی بۆ بکرێت، تووشی دەرچوونی شانی بەردەوام نابێت".

گران جاف

27/07/2025