بەهۆی ئاگرەکەی ئاویەری سنە 3 ژینگەپارێز گیانیان لەدەستدا
لە شاخی ئاویەری شاری سنە ئاگرێک کەوتەوە و لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، هەشت ژینگەپارێز برینداربوون، کە سێ کەسیان بەهۆی زۆریی سوتاوییانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەر گیانیان لە دەستدا.
بەگوێرەی میدیا خۆجێییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، ئاگرەکە کاتژمێر 13:30ـی خولەکى پاشنیوەڕۆی 24ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد، دوای نزیکەی شەش کاتژمێر کۆنترۆڵکرا.
ئاگرەکە تەنیا 150 هێکتار زەویی ناوچەکەى نەسوتاند، بەڵکو جەرگى سێ بنەماڵەشی سووتاند. هەر یەک لە ژینگەپارێزان حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفی نەژاد و خەبات ئەمینی بەهۆی سوتاوییان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ئاویەر، بەهۆی سەختیی برین و سوتاوییەکەیان لە نەخۆشخانە گیانیان لە دەستدا.
حەمید مورادی، چالاکوان و ژینگەپارێزی سنەیی، لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە بەرزاییەکانی ئاویەری شارەکە سوتا و دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا.
سەدان کەس لە خەڵکی ناوچەکە، دەیان کیلۆمەتریان بڕی و رۆیشتن بۆ دڵدانەوەی باوکی حەمید و ژینگەپارێزەکانی دیکە، کە بوونە قوربانییانی ئاگرەکەی سنە.
بابەک هیدایی، لێپرسراوی بەشى فریاکەوتنی پارێزگای سنە بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی راگەیاندووە، جگە لە گیانلەدەستدانى سێ ژینگەپارێز، پێنج چالاکوانى دیکە برینداربوون و دووان لەوانەش رێژەی سوتاوییەکەیان زۆرە و لە بەشی چاودێریی چڕ ماونەتەوە، سێ لە بریندارەکانیش لە نەخۆشخانە دەرکراون.
بەگوێرەی ئاماری میدیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە 125 هەزار هێکتار لە دارستانەکان بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سەرتاسەری وڵاتەکە لەناودەچن، کە زیاتر لە حەوت هەزار هێکتاریان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
زۆرینەى ئەو ئاگرانەى لە رۆژهەڵاتى کوردستان دەکەونەوە، سەرچاوەکانیان ئاشکرا ناکرێن، ئاگرەکانیش بوونەتە مەترسی جددی بۆ نەمانی ژمارەیەکی زۆر جۆری رووەکی سروشتی و ئاژەڵی کێوی و باڵندە لە دارستانەکاندا.
28/07/2025