ترەمپ ئێران بە دەستوەردان لە دانوستانەکانی غەززە تۆمەتباردەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە ئێران دەکات و هۆشداریدەدات ئەگەر لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت، جارێکی دیکە وێستگە ئەتۆمییەکانی بۆردوومان دەکەنەوە.
ترەمپ تارانی تۆمەتبار کرد بە دەستوەردان و ئاستەنگ دروستکردن لە بەردەم دانوستانەکانی ئاگربەستدا لە غەززە، هاوکات بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێشتا جەنگەکەیان لە بەرەی ئێران کۆتایینەهاتووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە گەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلەندا رایگەیاند، ئێران ئاماژەی زۆر خراپ و ناشرینی بۆ حەماس ناردووە، کە مەبەست لێیان تێکدانی دانوستانەکانی ئاگربەست بووە، هاوکات جارێکی دیکەش هۆشداریدایە ئێران و گوتی، ئەگەر دەست بکەن بە بنیادنانەوەی وێستگە ئەتۆمییەکانیان، زۆر بەخێرایی بۆردوومانیان دەکەن و لەناویاندەبەن.
لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە توندی وەڵامی ئەو لێدوانانەی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، ملکەچی هەڕەشەکان نابن و پارێزگاری لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەن، بۆ مەبەستی ئاشتییانە، گوتیشی: "ئەگەر دەستدرێژییەکان دووبارە ببنەوە، وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و توندترمان دەبێت".
لەلایەکی دیکەشەوە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، جەنگەکەیان لەگەڵ ئێران کۆتایی نەهاتووە و پێویستە ئیسرائیل پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران بکات.
29/07/2025